ئایا پیاو زیاتر لە ئافرەت نەخۆش دەكەوێت؟

ئایا پیاو زیاتر لە ئافرەت نەخۆش دەكەوێت؟
بەڵگەی زانستی لەبەردەستە كە پیاو زیاتر لە ئافرەت دوچاری نەخۆشیی جۆراوجۆر دەبێت. ئەگەرچی هۆكاری زانستیی تەواو تا ئێستا روون نییە، بەڵام توێژەران ئاماژەیان بەمە كردووە كە لەوانەیە جیاوازیی سستمی بەرگریی لەش لە پیاو و ئافرەتدا هۆكاری سەرەكی بێت. ئەمە روونكراوەتەوە كە هۆرمۆنی نێرینە، یان تێستۆستیرۆن Testosterone سستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات، هەر چەندئاستی تێستۆستیرۆن بەرزتر بێت هێندە زیاتر بەرگریی لەش لاواز دەبێت، هەروەها كاردانەوەی بەرگریی لەش بەرانبەر بە كوتانەكان لاواز دەبێت، بۆنموونە ڤاكسینی ئەنفلوەنزا، كەچی ئەو پیاو و ئافرەتانەی كە خاوەن ئاستێكی نزمی تێستۆسیترۆنن كاردانەوەیەكی بەرگریی ئاكتیڤ بەرانبەر بە كوتانەكان دەنوێنن. رێژە كەمەكەی تێستۆستیرۆن كە لە لەشی هەموو ئافرەتێكدا هەیە ئەگەر بەرزبێتەوە ئەوا سستمی بەرگریی لەشی ئافرەتیش لاواز دەبێت، كەچی ئیسترۆجین Estrogen كە هۆرمۆنی مێیینەیە رۆڵی هەیە بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لە لەشی ئافرەتدا، ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆی كاردانەوە بەرانبەر بە خودی لەش Autoimmune و سەرهەڵدانی نەخۆشی وەكو هەوكردنی رۆماتۆیدیی جومگەكان. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە زیاتر لاوازبوونی سستمی بەرگری لەش: دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، كەمكردنەوەی سترێس، تەرخانكردنی كاتێكی تەواو بۆ خەو، زیاد خواردنی سەوزە و میوە و دانەویڵەی تەواو، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، پەیڕەوكردنی پاكوخاوێنی.
Top