نەشتەرگەریی چاندنی ددان Dental Implant لەژێر بەنجی خۆجێییدا ئەنجام دەدرێت و پێویست بە بەنجی گشتی ناكات، كردارێكی بێ ئازارە و تەنیا 20 خولەك دەخایەنێت. چاندنی ددان بریتییە لە دانانی سلندرێكی باریك كە لە مادەی تیتانیۆم دروستكراوە و وەكو دایس دەخرێتە ناو شەویلاك، پاشان سەری ددانە چێنراوەكە دادەخرێت و بە مەبەستی سارێژبوونەوە و جێگیربوونی سلندرەكە لەناو ئێسكی شەویلاكدا بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ جێدەهێڵرێت، ئینجا ددانێكی دەستكرد جێگیر دەكرێت كە زۆر پتەوە و لە لایەنی شێوەوە وەكو ددانی سرووشتی وایە. چاندنی ددان چارەسەرێكی گونجاو و سەلامەتە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ددانە كەوتووەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ببێتە ئەگەری چەند ئاڵۆزییەك، وەك: جێگیرنەبوونی بناغەی چاندنی سەرەتایی ددان لە ئێسكی شەویلاكدا كە دەبێتە هۆی سەرنەكەوتنی قۆناغەكانی داهاتووی چاندنی ددان، كونبوونی بەشێكی ئێسكی شەویلاك و زیادبوونی ئەگەری هەوكردن، شكانی بناغەی چاندنی ددان، یان شكانی راگری برغووی چاندن، برینداربوونی دەمار كە دەبێتە هۆی ئازار و سڕبوون لە دەوری ددان و پوك و لێو و چەناگەدا، مردنی شانەكانی دەوری شوێنی چاندنی ددان، هەڵكشانی پوك لە نزیك شوێنی چاندن، گرفت لە چاكبوونەوە و گەشەی ئێسك، خوێنبەربوون، ئاوسانی شانەكانی نزیك شوێنی چاندنی ددان.