سەرئێشە Headache حاڵەتێكی باوە لە منداڵدا، چەندین هۆكاری لەپاڵە، نزیكەی 70%ی قوتابیان تووشی سەرئێشە دەبن، هەروەها 5%ی حاڵەتەكانی سەرئێشە لە منداڵدا نەخۆشیی راستەقینەی لەپاڵە. بەگشتی دوو جۆری سەرئێشە لە منداڵدا باون كە بریتین لە گرژە سەرئێشە Tension headache و شەقەسەر Migraine. گرژەسەرئێشە بریتییە لە گرژبوونی توندی ماسوولكەكانی سەر و مل كە دەبێتە هۆی ئازارێكی تیژی بەردەوام لە بەشی پێشەوە، یان پاشەوەی سەر، یان هەردووكیان بەیەكەوە. شەقەسەر لە منداڵدا كەمتر بەدی دەكرێت و بریتییە لە ئازارێكی تیژ لە یەك لا، یان هەدوو لای سەر كە هاوكاتە لەگەڵ سەرسووڕان، ئازاری گەدە، هێڵنج، یان رشانەوە، بینینی فلاشی رووناكی، یان خاڵی رەش كە بەگشتی بۆ ماوەی 30 خولەك تا چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبێت، هەروەها ئازارەكە لەگەڵ چالاكیی فیزیكی و رووناكیی بەهێز و غەڵبەغەڵب توندتر دەبێت. هەوكردنەكان باوترین هۆكارن بۆ سەرئێشەی منداڵ، بۆ نموونە: هەوكردنەكانی گوێ، هەڵامەت، هەوكردنی قوڕگ، جیوبی لووت، هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis، هۆكارەكانی دیكەش وەك: كەوتن، یان زەبر بۆ ناوچەی سەر، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، كەم خەوی، كەمبوونەوەی شلەی لەش لەبەر هەر هۆكارێك، سترێس، هەستەوەرییەكان، نەخواردنی، یان بەلاوەنانی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك، بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، یان سەیركردنی تەلەڤزیۆن بۆ ماوەیەكی زۆر، گرفتەكانی بینین، سەفەری دوور بە ئۆتۆمبیل، گوێگرتن لە مۆسیقا بە دەنگی بەرز، بۆنوبەرامی بەهێز، خۆراكی خێرا.