شووتی وەك ڤـیاگرا نـیـیـە!

شووتی وەك ڤـیاگرا نـیـیـە!
شووتی Watermelon میوەیەكی پڕچێژە، ڕێژەیەكی یەكجار زۆری ئاو لەخۆدەگرێت و وزەیەكی كەمی تێدایە. بەم دواییە باس لەوە كرا كە خواردنی شووتی وەكو بەكارهێنانی دەنكی ڤیاگرا Viagraوایە بۆ چارەسەركردنی گرفتی لاوازی سێكسی پیاوان، بەڵام ماوەیەك پاشتر لە چەندین لێكۆڵینەوەدا دەركەوت كە شووتی هیچ پێكهاتەیەكی ئاوا لەخۆناگرێت كە وەكو ماددەی سیلدینافیل Sildenafil كە پێكهاتەی ڤیاگرایە لە لەشی مرۆڤدا كاربكات. شووتی سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ ڤیتامین C و بڕێكی باشی لە بیتا كارۆتین واتە ڤیتامین A ی ڕووەكی تێدایە، كە لە سروشتدا بە گرنگترین دوو ماددەی دژەئۆكسان دادەنرێن، هەروەها ماددەی لایكۆپێن Lycopen كە ڕەنگە پەمبەكەی شووتییە، ئەویش دژەئۆكسانێكی بەهێزە. شووتی سوودی تری هەیە بۆ هەوكردنی ڕۆماتیزمی جومگەكان، هەروەها نیشانەكانی ڕەبو سووكتر دەكات. لایكۆپێنی شووتی قۆڵۆن لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەپارێزێت، هەروەها مرۆڤ لە شێرپەنجەی مەمك و سییەكان و شێرپەنجەی پرۆستات دەپارێزێت. شووتی بڕێكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامین B تێدایە كە گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە لەشدا، بەتایبەتی ڤیتامین B6 و B1، هەروەها كانزای مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم. خواردنی شووتی، چاوەكان لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە پیربوون دەپارێزێت، پەستانی خوێن دادەبەزێنێت.
Top