توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كوردی ده‌ریخستووه‌ كه‌ گۆیژ دەتوانێت نەخۆشیی دڵ چارەسەر بكات

توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كوردی ده‌ریخستووه‌ كه‌ گۆیژ دەتوانێت نەخۆشیی دڵ چارەسەر بكات
كاتێك گێوژ یان گۆیژی بۆ توێژینەوەی دكتۆرا هەڵبژارد، هەندێ لە ناسیاوەكانی پێی پێدەكەنین. ئاخر “گێوژ” لە لای ئەوان بە كەسێك دەگوترێت كە تۆزێك گێل بێت.

ئێستا كە (مەزهەر سابیر) باسی ئەوەیان بۆ دەكات گێوژ دەتوانێت دڵیان لە جەڵتە ڕزگار بكات، ئەوان بە بایەخەوە گوێی لێ دەگرن.

ئەمە یەكەم جار نییە كە ڕەفتاری (مەزهەر) دەكەوێتە بەر گلەیی خەڵكەوە. كاتی منداڵی كە لە حەوشەی مزگەوت لەگەڵ هاوڕێیەكانیدا لە مامۆستایەكی خۆبەخش فێری زیندەوەرزانی و ئینگلیزی دەبێت، خەڵك پێی دەڵێن: “لە جیاتی ئەوەی دین بخوێنی و بچیتە بەهەشت، عیلمی شەیتان دەخوێنی و زمانی كافران فێر دەبی؟”

بەڵام ژیان لە كەناری شاری هەولێر و نزیكیی لە سرووشت، خولیایەكیان لە (مەزهەر)ـدا دروست كردووە كە لە كاریگەریی قسەی خەڵك گەورەترە. ئەو دەڵێت: “كاتێك قوربانی دەكرا، نۆڕینی نێو لەشی ئاژەڵەكان لە هەموو یارییەك بۆ من سەرنجڕاكێشتر بوو. تەنانەت باڵی مێش سەدان پرسیاری لە مێشكمدا گەڵاڵە دەكرد.”

ئەو ئێستا دكتۆر (مەزهەر)ـە كە توێژینەوەی دكتۆراكەی لەسەر كاریگەریی گێوژ لە چارەسەركردنی نەخۆشیی دڵدا ئەنجام داوە. دەرەنجامی توێژینەوەكەی دەری خستووە كە گێوژ (گۆییژ) دەتوانێت دڵ لە جەڵتە ڕزگار بكات.

ئەو دەڵێت: “ئەگەر دڵێك كە لە ئاستی ئاسایی خۆی خێراتر لێ بدات، دەشێ تووشی جەڵتە بێت، بەڵام پێكهاتەی گێوژ لێدانەكەی خاو دەكاتەوە و لە جەڵتە دەیپارێزێت.”

بە بڕوای دكتۆر (مەزهەر)، گێوژ دەتوانێت كاریگەرییەكی پێچەوانەیشی هەبێت و دڵ لە دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن ڕزگار بكات. ئەو دەڵێت: “كاتێك دڵ زۆر خاو لێ دەدات، خوێن بە تەواوەتی بە لەش ناگات و ئەگەری مردنی نەخۆش دێتە ئاراوە، بەڵام بە هۆی گێوژەوە لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە و لەو مەترسییە ڕزگاری دەبێت.”

(مەزهەر) ئەو دەرەنجامانەی كاتێك بۆ دەردەكەوێت كە پێكهاتەی سەرەكیی گێوژ لە سەر دڵی جرجێكی سپی تاقی دەكاتەوە. ئەو توێژەرە، دڵی جرجەكە بە نەشتەرگەریی دەردەهێنێت و لەسەر ئامێرێكی پێشكەوتووی كۆنتڕۆڵكراو، تاقیكردنەوەی لەسەر ئەنجام دەدات. پاش تاقیكردنەوە لەسەر چەندین جرجی دیكەیش، بۆی دەردەكەوێت كە بە هۆی ئەو پێكهاتەیەی لە گێوژی دەرهێناوە، دەكرێت دڵ و دەمارەكان لە گرژبوون و خاوبوونەوە بپارێزێت.

ئەو كاریگەرییەی گێوژ لەسەر دڵ هەیبووە بە گوتەی (مەزهەر) سوود بە ڕیخۆڵەیش دەگەیەنێت. ئەو گوتی: “كاتێك لەسەر ڕیخۆڵە تاقیم كردەوە، بۆم دەركەوت كە دەتوانێت ڕێخۆڵەیش خاو بكاتەوە و یارمەتیی دەدات كە پێكهاتەكانی خواردن باشتر بۆ خوێن وەربگرێت.”

ڕووكردن لە گیادەرمانی
(مەزهەر) ئەو كاتە سەرنجی بۆ لای گێوژ ڕادەكێشرێت كە بە هۆی توێژینەوەی ماستەرەكەی ساڵی 2005 لە كۆنفڕانسێكی زانستیی نێودەوڵەتی لە توركیادا بەشدار دەبێت. ئەو كە گەنجترینی نێو زانا پرچ سپییەكانی ئەو كۆنفڕانسەیە، دەبینێت زۆربەیان ئاڕاستەی توێژینەوەكانیان بەرەو دەرمانی ڕووەكی گۆڕیوە و كەمتر دەپڕژێنە سەر دەرمانی كیماوی.

نهێنیی ڕووكردنی زاناكان بۆ توێژینەوە لەسەر دەرمانی ڕووەكی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو دەرمانە بە پێچەوانەی دەرمانی كیمیاوی، كاریگەریی خراپی لەسەر نەخۆش نابێت.

ئەوە لە توێژینەوەی (مەزهەر)ـیشدا ئاشكرا بووە. ئەو دەڵێت: “هەندێ دەرمانی دڵ لەوانەیە تەنگەنەفەسی لە نەخۆشەكەدا دروست بكەن، بەڵام ئەو پێكهاتەیەی لە گێوژ دەرهێندراوە، تەنگەنەفەسییش كەم دەكاتەوە.”

فلافۆنۆید و پرۆسیاندین، دوو پێكهاتەی سەرەكیی گێوژی زەردن كە بە گوتەی دكتۆر (مەزهەر) كۆمپانیاكانی دەرمانسازی دەتوانن دەرمانی لێ دروست بكەن.

ئەو دەڵێت: “كوردستان سەدان دەرمانی گیایی تێدایە كە كەمتر لە 1%ـیان توێژینەوەیان لەسەر كراوە، بەڵام لە نەوت و كانزاكان زیاتر دەتوانن داهات بە هەرێم ببەخشن.”

ئەو لەو بڕوایەدایە كە ئەگەر لە كوردستاندا دەست بە دروستكردنی دەرمانی ڕووەكی بكرێت، دەرفەتی كار بۆ جووتیاران دەڕ’ەخسێت و كۆمپانیاكانی بواری دەرمانسازی سەرمایەكەیان لە كوردستاندا وەبەر دەهێنن.

سایتی هه‌ولێر
Top