خەمۆكی لە پاش منداڵبوون

خەمۆكی لە پاش منداڵبوون
خەمۆكی Depression واتە هەستكردن بە غەم، ناشادی، بێزاری لەگەڵ هەستكردن بە ونبوون و سەرنەكەوتن لەسەر ئاستی ژیانی ڕۆژانەدا بۆ ماوەیەكی زۆر. خەمۆكی لەوانەیە سووك، مامناوەندی یان قووڵ و سەخت بێ. خەمۆكی یەكێكە لەو ئاڵۆزییانەی كە لەوانەیە لەگەڵ دووگیانی یان لەپاش منداڵبووندا ڕووبدات. گەلێك جار خەمۆكی لەكاتی دووگیانیدا دەستنیشان ناكرێت، چونكە گۆڕانە فسیۆلۆژییە سروشتییەكانی پەیوەست بە دووگیانی دەبنە ئەگەری چەند نیشانەیەك كە تا ڕاددەیەكی زۆر لە نیشانەكانی خەمۆكی دەچن، بۆ نموونە هەستكردن بە ماندووبوون، تێكچوونی خەو، سەختبوونی كاردانەوە دەروونییەكان، گۆڕان لە كێشی لەشدا. هۆكاری تووشبوون بە خەمۆكی لەكاتی دووگیانی یان لەپاش منداڵبوون لەوانەیە كە بگەڕێتەوە بۆ شەكەتی دەروونی یان سترێس Stress، گۆڕان لە هۆرمۆنەكاندا یان گۆڕان لە كیمیای مێشكدا. لەوانەیە كە هۆكاری هاندەر بۆ تووشبوون بە خەمۆكی پاش منداڵبوون Postpartum depression بگەڕێتەوە بۆ دابەزینە كتوپڕەكەی دوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن كە لە ماوەی تەنیا 24 كاتژمێری پاش منداڵبوون بە تەواوی بەرجەستە دەبێت، هەروەها دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرقی كە دەبنە ئەگەری سەرهەڵدانی نیشانەكانی خەمۆكی بە شێوەی ناڕحەتی، زیادبوونی كێش، تێكچوونی مەزاج، هەستكردن بە هیلاكی.
Top