كــونجـی سـەر سەموون

كــونجـی سـەر سەموون
كونجی Sesame بە برژاندنی لەسەر سەموون هەرگیز بەها خۆراكییەكەی لەدەسەت نادات بەمەرجێك لەپلەیەكی گەرمی بەرزدا نەبێت. پێویستە كە كونجی بەباشی بجویت، چونكە دەنكە ساغەكان هەرس نابن و هەڵنامژرێن، بەمەشەوە هیچ سوودێكیان نابێت. كونجی بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، چونكە دەوڵەمەندە بەكانزایەكانی ئاسن، كالسیۆم، مەگنسیۆم، كۆپەر، زینك، فۆسفۆر، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، هەروەها ڤیتامینەكانی B1 و E، لەگەڵ ڕێژەیەكی باشی ڕیشاڵ Fiber. جگە لەمانە، زەیتی كونجی ڕێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت كە هەندێكیان دژی شێرپەنجە كاردەكەن وەكو سیسامین Sesamin، هەندێكی تر وەكو لیگنانەكان Lignans ڕۆڵیان هەیە لە دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێندا. كونجی ڕێژەیەكی بەرز لەكانزای كۆپەر لەخۆدەگرێت كە ڕۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازار و ئاوسانی جومگەكاندا كە تووشی نەخۆشی هەوكردنی ڕۆماتزیمی دەبنەوە، پاشان ڕۆڵی تری هەیە لە سیستەمی دژەئۆكسانی ئەنزیمەكان و دژە هەوكردن، ئەمە سەرەڕای پاراستنی پتەوی ئێسك و جومگەكان و چوستی لاستیكی بۆڕییەكانی خوێن ڕێژە بەرزەكەی مەگنسیۆمیش گرنگی هەیە لە پاراستنی بۆڕییەكانی خوێن و كۆئەندامی هەناسەدا، بۆیە سوودبەخشە بۆ تووشبووان بە نەخۆشی ڕەبو Asthma و بۆ تووشبووان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بۆ تووشبووان بە نەخۆشی شەقەسەر، چونكە گرژبوونی بۆرییەكانی خوێن كەم دەكاتەوە.
Top