كاریگەری لابردنی مەمك لەسەر سێكسدا

كاریگەری لابردنی مەمك لەسەر سێكسدا
لابردنی مەمك بە نەشتەرگەری Mastectomy بریتییە لە لابردنی گۆی مەمك و دەوری گۆی مەمك و شانەكانی مەمك لەبەر تووشبوون بە شێرپەنجە. چەندین جۆری یان پلەی لابردنی شانەكانی مەمك هەیە، بۆ نموونە لابردنی تەواوی مەمك واتە لابردنی ماسوڵكەكانی سینگ و لیمفە گرێیەكانی ژێر قۆڵ و شانە چەوریەكان لەوێدا. كاریگەرییەكان لەپاش لابردنی مەمك بریتین لە: سڕبوونی پێست، بوونی ئاسەواری لابردنی مەمك، ئاوسانی قۆڵ و دەست لەبەر لابردنی لیمفە گرێیەكان، زەبری دەروونی لەبەر ونكردنی ئەم ئەندامە گرنگە هەروەها گۆڕان لە شێوەی لەشی ئافرەت. ئەگەر پارچەیەك پێست (گرافت Graft) بۆ شوێنی لابردنی مەمك گواسترابێتەوە ئەوسا گۆڕانی بەرچاو لە شوێنەكەدا ڕوودەدات بەشێوەی گۆڕان لە هەستكردن و گۆڕان لە هەستی بەركەوتندا. ئەو ئافرەتانەی كە دەرمانی كیمیایی یان تیشك وەردەگرن سەرەڕای لابردنی مەمك بە مەبەستی چارەسەركردنی شێرپەنجەی مەمك لەوانەیە كە دوچاری چەندین گرفتی سێكسی ببنەوە وەكو: كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی، كزبوون و كەمبوونەوەی وروژان، لاوازبوونی یان كەمبوونەوەی چڕی ئۆرگازم و سەختی لە گەیشتن بە ئۆرگازم، كەمبوونەوەی قەناعەتی سێكسی، كەمبوونەوەی ژمارەی جووتبوونەكان، گۆڕان لە كار و كاردانەوە سێكسییەكان بەگشتی، داڕمانی دەروونی كە گرفتە سێكسییەكان زیاتر و سەختتر دەكات.
Top