خواردنی ژەمێكی هاوسەنگ و جۆراوجۆری خۆراك لەكاتی بەیانیدا گرنگی زۆری هەیە. نەخواردنی ژەمی بەیانییان واتە هیچ نەخواردن بۆ ماوەی نزیكەی 18 كاتژمێر ئەگەر یەكێك كاتژمێر 12ی شەو بخەوێت. ئەو ماوە دوور و درێژە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەكری(گلوكۆزی) خوێن Hypoglycemia كە دەگاتە نزیكەی 45 ملگم یان كەمتر لە هەر دێسلیترێكی خوێندا، ئەوسا نیشانەكان لە لەشدا دەردەكەون بە شێوەی هێڵنج، رەنگ زەردبوون، هەستكردن بە پەستی و نیگەرانی، ئارەقەكردن، دەست لەرزین، دڵەكوتێ. خانەكانی مێشك بۆ راپەڕاندنی فرمانەكانیان بە پلەی یەكەم پشت بە گازی ئۆكسجین و شەكری گلوكۆز دەبەستن، دابەزینی ئاستی گلوكۆزی خوێن دەبێتە ئەگەری برسیبوونی خانەكانی مێشك كە چەندین نیشانە پەیدا دەكات وەكو سەرئێشە و زوو هەڵچوون. بەكارهێنانی ئینسولین، نەخۆشی جگەر، لابردنی گەدە بە نەشتەرگەری، حاڵەتەكانی پێش سەرهەڵدانی نەخۆشی شەكرە، هۆكاری ترن لەپاڵ دابەزینی سەختی ئاستی شەكری خوێن. ئەو كەسانەی كە ڕاهاتوون لەسەر خواردنەوەی چا یان قاوە، ئەگەر لەكاتی بەیانیدا چا یان قاوە نەخۆنەوە، ئەوا لەوانەیە كە دوچاری سەرئێشەیەكی توند ببنەوە، ئەمە سەرەڕای نیشانەكانی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن و نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا وەكو بێهێزی گشتی، سەرسووڕان، وشكبوونی دەم، وشكبوونی چاوەكان.