هەوكردنی كەلێنی نێوان پەنجەكان Intertrigo گەلێك جار بە هۆی گەشەی بەكتریا یان كەڕوو روودەدات. لێكخشانی پێست و گەرمی و شێداریی نێوان پەنجەكان رێگە بۆ گەشەكردنی میكرۆب خۆش دەكات، ئەمە بن كەوش و نێو گەڵیش دەگرێتەوە. هەوكردنەكە زیاتر خانەكانی چینی یەكجار سەرەوەی پێست دەگرێتەوە، رەنگی پێست پەمبە یان قاوەیی هەڵدەگەڕێت لەگەڵ قڵیشان كە هەندێك جار قوڵتر دەبێت و بۆنێكی ناخۆشی لێدێت. بە گشتی كەسانی قەڵەو و تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە پتر لە خەڵكانی تر تووشی هەوكردنی كەلێنی پەنجەی دەست یان پەنجەی پێیەكان دەبنەوە. بۆ خۆپاراستن لە كولبوونی كەلێنی پەنجەی دەست و پێییەكان پەیڕەوی چەند هەنگاوێكی سادە بكە وەكو: دابەزاندنی كێشی لەش، كۆنترۆڵكردنی شەكرە لە تووشووبان بە نەخۆشی شەكرە، وشككردنەوەی نێوان پەنجەكان بەتایبەتی نێوان پەنجەكانی پێ بە قوماشێكی نەرم، بەكارهێنانی ئەو گۆرەوییانەی كە لە لۆكە دروستكراون نەك لە مادەی دەستكردی وەكو نایلۆن یان پۆلیستەر، دووركەوتنەوە لە پێڵاوی تەسك. چارەسەركردنی كولبوونی نێوان پەنجەكان ئاسانە بە بەكارهێنانی هەندێك دەرمان و كرێمی دژی بەكتریا و كەڕوو لەژێر چاودێری دكتۆردا.