سێ جووت گلاندی دەردانی لیك لەناو دەمدا هەن، دوو لە پێشەوەی گوێیەكان، دووان لە ژێرەوەی شەویلاكی خوارەوە، دووانیش لە ژێرەوەی زمان كە بە جۆگەی كورت لیك دەڕژێننە ناو دەم. جگە لەمانە چەندین گلاندی بچووك لەناو دەمدا بڵاوبوونەتەوە. هەموو گلاندەكانی لیك بە یەكەوە رۆژانە بڕی نزیكەی 1.5 لیتر لیك دەردەدەن لە مرۆڤێكی پێگەیشتوودا. شلەی لیك saliva پێكهاتووە لە ئاو، مادەی لینج، چەند ئەنزیمێك، هەروەها سۆدیۆم و كلۆراید. لیك بەردەوام ناو دەم تەڕدەكات، هەتا لە كاتی نووستنیشدا دەردانی لیك كەمتر دەبێت، بەڵام ناوەستێت. لیك دەم لە نەخۆشی دەپارێزێت بە رێگەی كەمكردنەوەی ماددە ترشە تێكدەرەكان و كۆنترۆڵكردنی گەشەی بەكتریا كە توانای پەیداكردنی هەوكردنی دەم و تواندنەوەی چینی سەرەوەی ددانیان هەیە. هەروەها لیك یارمەتی قسەكردن و چێژوەرگرتن لە خۆراك و قووتدانی خۆراك دەدات، هاریكاری هەرسكردنی خۆراك دەكات. بڕ و چڕی دەردانی لێك كەوتۆتە ژێر كۆنترۆلی دەزگای دەماری ئۆتۆنۆمیەوە كە كۆنترۆلی فەرمانە خۆنەویستەكانی لەش دەكات. وشكبوونی درێژخایەنی دەم نێگەتیڤانە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر چێژوەرگرتن لە خۆراك، كرداری جوینی خۆراك، قووتدانی خۆراك، هەروەها كاریگەری دەكاتە سەر قسەكردن و ئەگەری هەوكردنی پووك و كلۆربوونی ددانەكان زیاد دەكات لەبەر كۆبوونەوەی زۆری بەكتریا لەناو دەمدا.