لەولەب Loop

لەولەب Loop
لەولەب دەزگایەكی بچووكی پلاستیكییە لە شێوەی پیتی T ئینگلیزیدایە، رێگایەكی كاریگەرە بۆ رێگرتن لە دووگیانی راستەوخۆ لەناو منداڵداندا IUD، تەنیا دكتۆری پسپۆری ئافرەتان بڕیار لەسەر بەكارهێنانی دەدات. بەگشتی لەولەبە كلاسیكییەكان كاریگەرن بۆ رێكخستی دووگیانی، بەڵام هەندێك زیانی لابەلا لەخۆدەگرن بە شێوەی زیادبوونی قەبارەی خوێن و درێژتربوونی رۆژەكانی خولی مانگانەی ئافرەت كە بە گەورەترین هۆكاری كەمخوێنی لە ئافرەتان دادەنرێت. بۆ كەمكردنەوەی یان نەهێشتنی ئەم زیانە لابەلایانە، لەولەبی هۆرمۆنی Hormonal Loop بەكاردەهێنرێت لە شوێنی لەولەبە تەقلیدییەكاندا، ئەم لەولەبە بە شێوەیەكی رێك بڕێكی كەم لە هۆرمۆن دەردەدات. لەولەب لە كاتێكی دیاریكراودا لەلایەن پزیشكی ئافرەتانەوە دەخرێتە ناو منداڵدان بەبێ پێویستی بە بەنجكردن، هەروەها دەكرێت لەولەب لەكاتی پێویست بە ئاسانی بەبێ ئازار لاببرێت. دەكرێ لەولەبی هۆڕمۆنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ رێگرتن لە دووگیانی بەكاربهێنرێت، هەروەها سەلامەتە بۆ ئافرەتان لەكاتی شیردانی سروشتیدا. زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی لەولەبی هۆرمۆنی بریتین لە: بینینی چەند دڵۆپێك خوێن یان خوێنبەربوونێكی سادە لە ماوەی 3-6 مانگ لە دانانی لەولەبەكە پاشان لەخۆیەوە نامێنێت، لە هەندێك حاڵەتدا كە رێژەكەیان پتر نییە لە 10% ساڵێك لەپاش دانانی لەولەبی هۆرمۆنی خولی مانگانە بە شێوەیەكی كاتی دەوەستێت و بەلابردنی لەولەبەكە خولی مانگانە زوو دەگەڕێتەوە سروشتی جارانی.
Top