بەهای خۆراكی شۆربەی نیسك

بەهای خۆراكی شۆربەی نیسك
نیسك Lentils سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكە و خێرا ئامادە دەكرێت و هەرسكرنی ئاسانە، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە كانزای ئاسن. كانزای ئاسن Iron زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، چونكە پێكهاتووێكی گرنگی هیمۆگلۆبینە كە هەڵدەستێت بە فرمانی گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ هەموو لەش، كەمی ئاسن لە خۆراكدا دەبێتە هۆی كەمخوێنی. دەتوانرێ كە نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكدا تێكەڵ بكرێت و چێژیان خۆشتر بكات، بەڵام زیاتر بە شۆربە دەخورێت. نیسك لە هەر چوار وەرزی ساڵدا هەیە، لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. هەروەها نیسك، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت و قۆڵۆن لە نەخۆشی دەپارێزێت. جگە لەمانە، نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات. نیسك جگە لە ئاسن، چەندین كانزای گرنگی تری تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین، لە هەمان كاتدا هیچ چەوریشی تێدانییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت. نیسك رۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، بەوەی كە شۆربای نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی درەنگ و لەسەرخۆ دەدات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات بۆیە سوودبەخشە بۆ تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە.
Top