نیــشانـەكــانی سستبـوونی گلاندی دەرەقی

نیــشانـەكــانی سستبـوونی گلاندی دەرەقی
گلاندی دەرەقی Thyroid gland لە شێوەی پەپوولەدایە و كەوتۆتە بەشی پێشەوە و خوارەوەی مل لە پێش بۆڕی هەناسەدا، دوو هۆرمۆنی تایرۆكسن یان T4 و T3 راستەخۆ دەردەتاتە ناو خوێن كە فرمانەكەیان بریتییە لە رێكخستنی گەشە و میتابۆلیزم (كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكدا). سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism واتە كەم دەردانی هۆرمۆنەكانی ئەم گلاندە كە دەبێتە ئەگەری سستبوونی كرداری میتابۆلیزم لە لەشدا، گرنگترین نیشانەكانی سستبوونی گلاندی دەرەقی بریتین لە: هەستكردن بە بێهێزی و بێ وزەیی، زیادبوونی كێشی لەش و زەحمەتی لە دابەزاندنی لەپاش پەیڕەوكردنێكی تەواوی بەرنامەی دابەزاندنی كێش، گەورەبوونی قەبارەی زمان، ساردبوون و سڕبوون یان تەزینی پەلەكان، بەرگەنەگرتنی سەرما، زوو لەبیركردن و كەمبوونەوەی سەرنجدان، قژهەڵوەرین، هەڵوەرینی مووی بەشەكانی دەرەوەی برۆكان، وشكبوونی پێست، دابەزینی پەستانی خوێن، قەبەبوونی دەنگ Hoarseness، قەبزی، خەمۆكی و هەڵبەز و دابەزی مەزاج، بەرزبوونی ئاستی كۆلیستیرۆل و چەوری گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، سەرئێشە و ئازار لە ماسوڵكەكاندا، كەمبوونەوەی ئارەقەكردن، تێكچوونی عادە لە ئافرەتی تووشبوودا، ئازار لە جومگەكاندا.
Top