وەرزش بۆ ئافرەتانی سەرووی 40 ساڵ

وەرزش بۆ ئافرەتانی سەرووی 40 ساڵ
ئافرەت كە دەگاتە 40 ساڵی تەمەن و بەسەرەوە، واتە بەرەو پیربوون دەچێت، بەڵام ئەمە هەرگیز مانای ئەوە ناگەیەنێت كە تەندروستی خۆی فەرامۆش بكات، مەشقی وەرزشیش رێگەیەكی سروشتییە كە سوود بەم ئافرەتانە دەبەخشێت. هەرگیز مەڵێ كە تەمەنم گەورە بووە چیتر توانای وەزرشم نەماوە، ئەگەر درك بە سوودە زۆرەكانی وەرزش بۆ تەندروستی بكەیت، ئەوا بێگومان لەم گۆتەیە پاشگەز دەبیتەوە. وەرزش یەكێكە لە شتە باشەكان دژی پیربوون و دژی زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی. ئافرەت لەپاش ئەم تەمەنەدا پێویستە كە لەسەرخۆ و بەرە بەرە بە وەرزشێكی سووك دستپێبكات، بەمەوە توانای بەرگەگرتنی لەش زیاد دەبێت و توانای وەرزشی قوڕستری دەبێت و ئەگەری كەوتن و شكانی ئێسك و برینداربوونی لەش لەبەر مەشقە وەرزشییەكان كەمتر دەبێتەوە. خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو زۆر گرنگە بۆ رێگرتن لە وشكبوونەوە یان كەمبوونەوەی شلەی لەش كە لەگەڵ وەرزشكردن زیاتر و خێراتر لەم تەمەنەدا روودەدات. هەروەها پێویستە لەسەر ئافرەت كە ئامێری سەلامەت بۆ وەرزش هەڵبژێرێت، بۆ نموونە دانانی كڵاوی تایبەتی سەر Helmets لەكاتی لێخوڕینی پایسكل و لەپێكردنی كەفش یان كالەی تایبەت بە راكردن بۆ هەڵمژینی هێدمە..تاد.
Top