كەرەوز Celery رێژەیەكی باشی لە ڤیتامین C تێدایە لەگەڵ چەندین ماددەی بەسوودی تر، كە لەوانەیە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دابەزێنن و لە شێرپەنجە بمانپارێزن. خواردنی كەرەوز بەرگری لەش بەهێز دەكات بەرانبەر بە هەوكردنەكان بە تایبەتی ڤایرۆسەكان، هەروەها نیشانەكانی هەڵامەت سووكتر دەكات، نیشانەكانی رەبو سووك دەكات، توندی ئازار كەم دەكاتەوە لە رۆماتیزمی جومگەكان و داڕوشانی جومگەكان Osteoarthritis. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەرەوز مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە جەڵتە لەبەر زیادبوونی ئاستی چەوری خوێن، هەروەها سوودی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن بەوەی كە ماسوڵكەكانی دیواری خوێنبەرەكان سست دەكاتەوە و خوێنبەرەكان زیاتر دەكرێنەوە. لەبەر ئەوەی كە كەرەوز رێژەیەكی باشی لە سۆدیۆم و پۆتاسیۆم تێدایە، هاوسەنگی شلە لە لەشدا رێكدەخات، ئەمەش هانی فرمانی گورچیلەكان دەدات بۆ رزگاربوون لە شلەی زیادی لەش. جگە لەمانە، خواردنی كەرەوز هەندێك ماددەی دژەئۆكسانی تێدایە بە ناوی كۆمارین Coumarins كە رێگە لە ماددە كۆلكە سەربەستەكان دەگرن كە زیان بە خانەكانی لەش بە گشتی بگەیەنن و ئەگەری شێرپەنجە زیاد بكەن، هەروەها ماددەی كۆمارین چالاكی خڕۆكە سپییەكانی خوێن زیاد دەكات كە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش دژ بە خانە شێرپەنجەییەكان.