چای و سەرئێشە لە رۆژوواناندا

چای و سەرئێشە لە رۆژوواناندا
سەرئێشە Headache بابەتێكی بەرفراوانە و نیشانەی زۆربەی نەخۆشییەكانە. سەرئێشە بە بەربڵاوترین كێشەی تەندروستی لە قەڵەم دەدرێت، ڕۆژانە خەڵك هەزاران دەنك یان حەب دژی سەرئێشە بەكاردەهێنن كە چەندین جۆر و بابەتی هەیە. چا یان قاوە ماددەیەكیان تێدایە بەناوی كافائین Caffeine كە تاڕاددەیەك مرۆڤ تووشی ڕاهاتن یان خووپێوەگرتن Addiction دەكات كە ئەگەر ڕۆژێك چا یان قاوە نەخوات تووشی سەرئێشە دەبێت و هەست بەوە دەكات كە لەشی ماددەیەكی پێویستە كە ئەویش كافائینە. ئەم سەرئێشەیە زیاتر بەیانیان پاش لەخەوهەڵسان روودەدات، بەڵام پاش خواردنەوەی پیاڵەیەك چا یان فنجانێك قاوە بە ماوەیەكی كەم سەرئێشەكەی نامێنێت. ئەم جۆرە سەرئێشەیەی كە بەندە بە خواردنەوەی چا یان قاوە، هەر 4-6 كاتژمێر جارێك دووبارە دەبێتەوە، دەرئەنجام وا لە تووشبوو دەكات كە ڕێژەی یان بڕی خواردنەوەی چا یان قاوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بكات. لێكدانەوەی زانستی بۆ روودانی ئەم جۆرەی سەرئێشە بریتییە لەوەی كە خوێنبەرەكانی مێشك تاڕاددەیەك بەرانبەر بە ماددەی كافائین هەستیار دەبن و هەركە ئەم ماددەیە نەگەیشتە ئەم خوێنبەرانە، ئەوا سەرئێشەیەكی تاڕاددەیەك تووند پەیدادەبێت. ئەوەش ماوە بڵێین كە ڕۆژانە خواردنەوەی یەك كوپ چای یان پتر جگە لەوەی كە سەرئێشە لەو كەساندا ناهێڵێ، ئەگەری تووشبوونیش بە نەخۆشی دڵ تا راددەیەك كەم دەكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی فراوانكردنی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ.
Top