جۆرەكانی چارەسەری سروشتی

جۆرەكانی چارەسەری سروشتی
چارەسەری سروشتی Physiotherapy زانستێكی بەڵگەنەویستە، بریتییە لە چارەسەركردنی چەند نەخۆشییەك بە رێگەی فیزیایی وەكو: بەكارهێنانی دەستەكان بەتایبەتی مەساج، بەكارهێنانی كارەبا، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی و تیشكی ژێرەوەی سوور. ئامانجی چارەسەری سروشتی بریتییە لە گەڕاندنەوەی تەواوی جوولە و فرمانی ماسوڵكە و جومگەكان لەگەڵ نەهێشتنی ئازار بۆ ئەوەی كە نەخۆش بە زووترین كات بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی خۆی. ئەنجامە كۆتاییەكان بەندن بە حاڵەتی نەخۆش، سروشتی تەندروستی و لیاقەی نەخۆش، ئاستی پابەندبوون و ئامادەباشی نەخۆش بۆ ئەو جۆرە چارەسەرە سروشتییەی كە بۆی تەرخان دەكرێت. دكتۆری پسپۆری چارەسەری سروشتی لەپاش هەر دانیشتنێكی چارەسەركردندا لە نزیكەوە تێبینی گۆڕانەكان و پێشڤەچوونەكان دەكات، هەروەها سەرەڕای پشكنینی كلینیكی لەوانەیە كە چەندین پشكنینی وەكو تیشك، سۆنار، هێلكاری كارەبایی دەمارەكان یان وێنەگرتنی رەنینی موگناتیسی MRI بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێن. ئەو حاڵەتانەی كە سوود لە چارەسەری سروشتی وەردەگرن یان چارەسەری سروشتی دەبێتە بەشێكی چارەسەركردنی گشتی بریتین لە: پشت ئێشە، ئازاری مل، سەرئێشە و شەقەسەر، ئازار و زەبر و ئەزیەتخواردن لە جومگەكاندا، ئازار و زەبر لە ماسوڵكە و ژێ و بەستەرەكاندا، زەبر لەبەر پیشە یان وەرزش و ئیشی تر، پاش شكان و پاش نەشتەرگەری ئێسك و جومگەكان. شێوازەكانی چارەسەری سروشتی بریتین لە: تەكنیكەكانی مەساج، جوولاندنەوەی جومگە سخبووەكان، مەشقەكانی(تأهیل) بۆ بەهێزكردنەوەی ماسوڵكەكان و باشتركردنی لیاقەی بەدەنی، دەرزی ژەنین Acupuncture بۆ كەمكردنەوەی ئازار، چارەسەركردن بە كارەبا Electrotherapy.
Top