ترس و تامیسكە

ترس و تامیسكە
تامیسكە Cold sore نەخۆشییەكی ڤایرۆسی پێستە، لە یەكێك بۆ یەكێكی تر بە بەركەوتن و ماچكردن دەگوازرێتەوە، بریتییە لە چەند بڵۆقێكی سووری گەش كە خورشت و سووتانەوەیەكی تیژ پەیدا دەكەن كە بۆ ماوەی نزیكەی یەك هەفتە دەمێننەوە. هەندێك كەس هەرگیز تووشی نابن، جینەكان بەرپرسن لەمەدا. هۆكارە وروژێنەرەكان بۆ سەرهەڵدانی تامیسكە لەو كەسانەی كە ئامادەباشیان هەیە بریتین لە: شەكەتی دەروونی یان سترێسStress، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش لەبەر هەر نەخۆشییەك، ترس و خەونی ناخۆش(كابوسNyghtmares) كە دەبێتە هۆی راچەنین لە خەودا، خوراندنی پێست، بەكارهێنانی بۆن و قۆڵۆنیا، ریش تاشین، عادەی مانگانەی ئافرەت، تیشكی خۆر. سەرەتا بەر لە سەرهەڵدانی بڵۆقەكان، پێست سووردەبێتەوە و خورشت پەیدا دەكات، ئینجا بڵۆقەكان پەیدا دەبن زیاتر لە دەورووبەری لێو و لووتدا، پاشان بڵۆقەكان دەتەقن و قەتماخەیەك پەیدا دەبێت، پاش نزیكەی یەك هەفتە بە مەرجێك شوێنەكە بە بەكتریا ئالودە نەبێت قەتماخەكە دەوەرێت و شوێنەكە بۆ ماوەی 1-2 رۆژ كەمێك بە رەنگی سوور یان پەمەیی دەمێنێتەوە و پاشان هیچ ئاسەوارێك لە شوێنی تامیسكەكەدا جێ نامێنێت. هەندێك دەرمان بە مەرجێك لە سەرەتای سەرهەڵدانی تامیسكەدا بەكاربهێنرێن، ماوەی نیشانەكان كورت دەكەنەوە، ئازار و سووتانەوە كەم دەكەنەوە. كرێمی دژەڤایرۆس وەكو ئەسایكلۆڤیر Acyclovir وا دەكات كە تامیسكە زووتر چاك بێتەوە، هەوەها دەنكی ئەسایكلۆڤیر. بە گشتی ئامۆژگاری ناكرێت كە كرێمی دژەبەكتریای وەكو تێتراسایكلین و گێنتامایسین بۆ تامیسكە بەكار بهێنرێت. وا باشترە كە دەستكاری تامیسكە نەكرێت تاكو بە بەكتریا ئالودە نەبێت.
Top