هۆكارەكان لەپاڵ ئاڵۆزییەكانی نەخۆشی شەكرە

هۆكارەكان لەپاڵ ئاڵۆزییەكانی نەخۆشی شەكرە
لە نەخۆشانی شەكرەدا، ناتوانین كە پێشبینی ئاڵۆزییەكان Complications بكەین تاكو لەلایەن دكتۆر چەندین پشكنینی كلینیكی و تاقیگەیی ئەنجام نەدەین. نەخۆشی شەكرە Diabetes بە هێمنی پەرە دەسێنێ بێ ئەوەی كە هەستی پێبكرێت تا ئەو كاتەی كە ئاڵۆزییەك لە بەشێكی لەشدا پەیدا دەكات. لەگەڵ ئەمەشدا ئاستی شەكری خوێن شتێكمان پێدەڵێت سەبارەت بە ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان، بۆ نموونە ئاستی بەرزی شەكری خوێن هۆكارێكی هاندەرە بەتایبەتی ئەگەر پتر بێت لە 240 ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێندا كە زۆربەی پسپۆرانی نەخۆشی شەكرە بە مەترسیداری دادەنێن. ئاستی سەلامەتی شەكری خوێن لە نێوان 120-80 ملگم \ دێسیلیتر دایە. ماوەی تووشبوونیش بە شەكرە فاكتەرێكی ترە كە چەند درێژتر بێت هێندە ئەگەری ئاڵۆزییەكان زێتر دەكات بەتایبەتی ئەگەر ئەو ماوەیە 15 ساڵ یان پتر بێت. جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە Type I پتر لە جۆری دووەم Type II رووبەڕووی ئاڵۆزییەكان دەبێتەوە بۆ نموونە ئاڵۆزی لە چاوەكاندا. هێشتا ئەمە بە تەواوی نەزانراوە كە بۆچی ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان لە نەخۆشانی شەكرەدا جیاوازی زۆری هەیە، بۆ نموونە زۆر جار ئەو نەخۆشانەی كە ئاستی شەكری خوێنیان جێگیرە تووشی ئاڵۆزییەكان دەبن و كەسانێكیش هەرگیز تووشی ئاڵۆزییەكان نابن، بەڵام لەوانەیە كە كاردانەوەی لەش بەرانبەر بە ئاستی بەرزی شەكری خوێن لە نەخۆشێك بۆ نەخۆشێكی تر جیاوازی هەبێت.
Top