سوود و زیانی شیرینكارە دەستكردەكان

سوود و زیانی شیرینكارە دەستكردەكان
شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners ماددەی كیمیایین، جێگرەوەی شەكرەكانن، چەندین جار لە شەكرەكان شیرینترن. ئایا كامیان لەویتر باشترە؟ ئایا لە راستیدا هیچ شەكر لەخۆناگرن؟ ئەگەر وابێت دەبێ بۆ نەخۆشانی شەكرە زۆر گونجاو بن. لە راستیدا، لەناو خۆراكێكی هاوسەنگ و تەندروستییانە جێگەی ئەو خۆراكانە دەبێتەوە كە شیرینكارە دەستكردەكانیان تێدایە، بەڵام هەر وا باشترە كە بە كەمی بخورێن. تەنیا چێژە شیرینەكەیە كە رەواجی بە شیرینكارە دەستكردەكان داوە، چونكە ئەم ماددانە هیچ ڤیتامین و ماددە خۆراكییەكان لەخۆناگرن. شیرینكارە دەستكردەكان لە جیاتی شەكر بەكاردەهێنرێن بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاربۆهیدرات لە خواردن و خواردنەوەكاندا بە مانایەكی تر، كەمكردنەوەی وزە لە خۆراكدا، هەر ئەمەش وای لەم ماددانە كردووە كە زۆر گونجاو بن بۆ تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە. گەلێك جۆری شیرینكارە دەستكردە رێگەپێدراوەكان لەبەر دەستدان وەكو: سوكرالۆز Sucralose كە لەژێر ناوی سپلێندا Splenda دەفرۆشرێت و 600 جار لە شەكر شیرنیترە و تا راددەیەكی زۆر سەلامەتە بۆ تەندروستی، ئەسپارتێم Aspartame كە 180جار لە شەكر شیرینترە و وزەیەكی یەكجار كەم لەخۆدەگرێت، سەككارین Saccharin كۆنترینیانە و 300 جار لە شەكر شیرینترە، بەڵام بەم دواییە بەكارهێنانی كەمتر بۆتەوە، نیۆتێم Neotame كە نوێترینیانە هەروەها 7000 جار لە شەكر شیرینترە و هیچ كاربۆهیدراتیش لەخۆناگرێت.
Top