پرۆستات و سێكس

پرۆستات و سێكس
گەلێك حاڵەت و نەخۆشی تایبەت بە پرۆستات Prostate كاریگەری دەكەنە سەر لایەنی سێكسی پیاو لەوانە: ئاوسانی پاكی پرۆستات، شێرپەنجەی پرۆستات، هەوكردنی پرۆستات. ئاوسانی پاكی پرۆستات BPH واتە گەورەبوونی پرۆستات كە زیاتر لە پاش تەمەنی 40 ساڵیدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە ئەگەری چەندین گرفتی تایبەت بە میزكردن. یەكێك لە هەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئەم گرفتە بریتییە لە بەكارهێنانی دەرمانی دژی هۆرمۆنی نێرینە (دژە ئەندرۆجین) كە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی پاڵنەری سێكسی و لاوازی سێكسی. هەروەها چارەسەركردنی ئاوسانی پرۆستات بە نەشتەرگەری دیسان لەوانەیە گرفتی سێكسی دیكەی لێ بكەوێتەوە وەكو: پاشەپرژان (پرژانی تۆواو بۆ ناو میزڵدان) بە رێژەی 75%-65، ئەمە جگە لە لاوازی سێكسی. هەموو رێگەكانی چارەسەركردنی شێرپەنجەی پرۆستات لە چارەسەری هۆرمۆنی، چارەسەری تیشكی، چارەسەری كیمیایی یان لابردنی پرۆستات Proststectomy گرفتی سێكسی گەورە بۆ پیاو پەیدا دەگەن، بۆ نموونە چارەسەری هۆرمۆنی بە مەبەستی دامركاندنی خانە شێرپەنجەییەكانی پرۆستات دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی تێستۆستیرۆن، بەمەشەوە پیاو دوچاری كەمبوونەوەی حەزی سێكسی و لاوازبوونی سێكسی دەبێت. هەوكردنی پرۆستات Prostatitis گرفت لە پرژاندنی تۆواودا دروست دەكات.
Top