خۆراك بۆ خەوێكی ئارام

خۆراك بۆ خەوێكی ئارام
لەوانەیە كە ئەو ژەمە خواردنەی ئەمشەو هەڵیدەبژێریت رۆڵی هەبێت لە نووستنێكی ئارام یان نووستنێك كە تەنیا داخستنی چاوەكان بێت. چەندین خۆراك دەستنیشان كراون كە رۆڵیان هەیە لە دابینكردنی خەوێكی ئارامدا، بۆ نموونە ماسی سالمۆن Salmon كە چەوری گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو DHA رۆڵی هەیە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin كە ئەویش بە دەوری خۆی رۆڵی هەیە لە رێكخستنی خەودا. پاقلەمەنییەكان رێژەیەكی باش لە كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرن كە رۆڵی بەرچاویان هەیە لە رێكخستنی سووڕەكانی نووستندا Sleep cycles و یارمەتی لەش دەدەن بۆ دەردانی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین Serotonin كە رۆڵی هەیە لە خاوبوونەوەی دەمارەكاندا، هەروەها لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە كۆمەڵەی ڤیتامین B سوودبەخشن بۆ ئەو كەسانەی كە دوچاری خەوزڕان دەبنەوە. ماست بە چەورییەكی كەم Low-fat yogurt سەرچاوەیەكی باشە بۆ كالسیۆم و مەگنسیۆم، ئەم دوو كانزایە یارمەتی خەوێكی ئارام و قووڵ دەدەن، هەروەها كەمی ئەم دوو كانزایە دەبێتە ئەگەری ئازاری ماسوڵكە و شەكەتی كە خەو تێكدەدەن. سپێناغ سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ كانزای ئاسن، ئەو كانزایەی كە رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا كە لە هەندێك كەسدا بەدی دەكرێت.
Top