مایۆنێز

مایۆنێز
مایۆنێز Mayonnaise پێكهاتووە لە تێكەڵاوێكی ئاو، زەیتی پاقلەی سۆیا، نیشاستە، زەردی هێلكە، سركە(خەل)، شیرەی لیمۆ، خەردەل، خوێ، لەگەڵ هەندێك ماددەی پارێزەر. مایۆنێز رێژەیەكی بەرزی وزە لەخۆدەگرێت كە لەوانەیە زیاد خواردنی كێشی لەشت زیاد بكات، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین E، هەروەها بەپێی جۆری ئەو چەورییەی كە تێیدایە مایۆنێز سەرچاوەیە بۆ كۆلیستیرۆل. ئەو كەسانەی كە هەستەوری خۆراكیان هەیە بەرانبەر بە هێلكە یان بەرانبەر بە ماددە ئۆرگانییەكان ئەوا لەوانەیە كە لەپاش خواردنی مایۆنێز نیشانەكانیان سەرهەڵبدەن. هەندێك جۆری مایۆنێز لەوانەیە كە ماددەی گلوتین gluten لەخۆبگرن، بۆیە ئەو كەسانەی كە نەخۆشی سیلییاك یان هەستەوەرییان بە خواردنی گەنم هەیە باشترە كە دووركەونەوە لە خواردنی مایۆنێز. لە مایۆنێزدا هێلكەی خاو بەكاردێت كە ئەگەری ژاراویبوون بە بەكتریای سالمۆنێللای لێدەكرێت بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگری لەشیان نزمە، بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە وەكو نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی ئایدز، هەروەها ئەوانەی كە دەرمانی كیمیایی بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە یان دەرمان لەپاش گواستنەوەی ئەندامەكان وەردەگرن بۆ رێگرتن لە رەتكردنەوەی ئەندامی گوازراوە.
Top