ئایا لە راستیدا برسیت؟

ئایا لە راستیدا برسیت؟
ئایا لەپاش ژەمێكی خۆراكی تەواوی ئێوارە حەزت دەچێتە خۆراكێكی شیرین؟ ئایا ئەمەش بەشێكە لە هەستكردن بە برسیبوون Hunger یان بەشێكە لە ئارەزووی خواردن Appetite؟ ئارەزووی خواردن مەسەلەیەكی ئاڵۆزە، لایەنی بایۆلۆژی بە لایەنی دەوروبەر دەبەستێتەوە. ئەمە سیستمی بایۆسایكۆلۆژییە كە لەئەنجامی هەردوو لایەنی بایۆلۆژی (برسیبوون) و لایەنی سایكۆلۆژی(ئارەزووی خواردن و مەزاج) بەرجەستە دەبێت. هەستكردن بە برسیبوون مەسەلەیەكی سەد لەسەد بایۆلۆژییە كە وامان لێدەكات بیر لە خۆراك و بیر لە پێویستی بە خواردن بكەینەوە. ئەم هەستە بە دواخستنی خواردن بەهێزتر دەبێت و بە خواردن لاوازتر دەبێت. چەندین ماددەی كیمیایی لە لەشی مرۆڤدا كاریگەری دەكەنە سەر هەستی برسیبوون. هێشتا لە هەندێك كەسدا پاڵنەری خواردن پشت نابەستێت بە هەستی برسیبوون و هەستكردن بە تێربوون یان پڕبوونی گەدە، بەڵام دەكەوێتە ژێر چەند هۆكارێكی ترەوە. هەندێك كەس پەنا بۆ خواردن دەبەن لەوكاتەی كە لەژێر سترێسدان یان كە دوچاری پەستی یان خەمۆكی دەبنەوە، لێرەدا خواردن وایان لێدەكات كە هەست بە خۆشی و سووكبوونی بارە دەروونییە ناخۆشەكە بكەن. پێویستە كە هەستی سایكۆلۆژی سەبارەت بە خواردن رێكبخەین، خۆمان فێری ئەوە بكەین كە چۆن هەستی برسیبوون و ئارەزووی خواردن لە یەكتر جیا بكەینەوە، گەلێكمان تووشی زیادبوونی كێشی لەش دەبین لەوكاتەی كە بەبێ هەستكردن بە برسیبوون و لەبەر هۆكاری تر پەنا بۆ خواردن دەبەین.
Top