ئاستی بەرزی هیمۆگلۆبین

ئاستی بەرزی هیمۆگلۆبین
بەرزبوونەوەی رێژەی هیمۆگلۆبین لە خوێندا كە پتر بێت لە 18.5 گرام لە هەر دێسلیترێكی خوێن واتە 114.7%لە پیاوان و پتر لە 16.5 گرام لە هەر دێسلیترێكی خوێن واتە102% لە ئافرەتدا روودەدات لەبەر زیادبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن Polycyehemia. ئەم حاڵەتە زۆر جار هیچ نیشانەیەكی تایبەتی نییە، هەندێك جاریش نیشانەكان سادە و سووكن، نیشانەكان بریتیین لە: بێ هێزی گشتی، زوو ماندوبوون Fatigue، سەرئێشە، خورشت لە هەموو پێستدا بەتایبەتی لەپاش خۆشووشتن بەئاوی گەرم Post-bath pruritus، ئازار لە جومگەكاندا، سەرسووڕان، سك ئێشە، هەندێك جاریش گرفت لە مەیینی خوێندا پەیدا دەبێت. لە جۆری دووەمی ئەو حاڵەتەدا كە لە ئەنجامی هەندێك نەخۆشیدا پەیدا دەبێت وەكو نەخۆشی درێژخایەن لە سییەكاندا، نیشانەی وەكو هەناسەتەنگی و كۆكە و تێكچوونی خەو لە نەخۆشدا بەدی دەكرێن سەرەڕای نیشانەكانی زیادبوونی رێژەی هیمۆگلۆبینی خوێن. هەروەها ئەگەر زیادبوونی رێژەی هیمۆگلۆبینی خوێن لە ئەنجامی شێرپەنجەی گورچیلە یان شێرپەنجەی جگەردا رووبدات، ئەوا جگە لە نیشانەكانی تایبەت بە زیادبوونی هیمۆگلۆبین چەندین نیشانەی تر لە نەخۆشدا دەبینرێن بە شێوەی لاوازبوون یان دابەزینی كێشی لەش و زەردوویی و سك ئێشە. هۆمۆنی ئێرترۆپۆیتین Erythropoietin كە تایبەتە بە هاندانی مۆخی ئێسك بۆ دروستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن بە شێوەیەكی سەرەكی لە گورچیلەكاندا و بە رێژەی 10% لە جگەردا بەرهەم دەهێنرێت، لە حاڵەتەكانی شێرپەنجەی گورچیلە و شێرپەنجەی جگەردا رێژەی ئەم هۆرمۆنە زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی زیاد دروستبوونی خڕۆكە سوورەكان لەناو مۆخی ئێسكەكاندا.
Top