پارێزی خۆراك بۆ نەخۆشی شەكرە

پارێزی خۆراك بۆ نەخۆشی شەكرە
ئامانج لە پارێزی خۆراكیی نەخۆشی شەكرە Diabetic Diet بریتییە لە دابینكردنی وزەی خۆراكی(كالۆری) و ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەگەڵ هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن لە نزیك ئاستی ئاساییدا. خۆراكی نەخۆشی شەكرە دەبێ لە هەموو گرووپەكانی خۆراكی تێدابێت. گرووپی خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان كە ئاستی شەكری خوێن بەرز دەكەنەوە بریتین لە نیشاستە یان دانەوێڵەكان، شەكرەكان، میوە، ئەلبان. نابێ خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان لە یەك ژەمی خواردندا بە بڕێكی زۆر بخورێن، چونكە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن، بەڵكو بە رێژەیەكی كەمتر و بە درێژایی دابەش بكرێن بەسەر ژەمەكاندا. بەم شێوەیە شەكری خوێن لە ئاستێكی نەگۆڕدا دەمێنێتەوە. نەخۆشانی شەكرە دەبێ دووركەونەوە لە خواردنی شەكر یان شیرینی و قەنادی، چونكە كاریگەرییەكی خێرا دەكەنە سەر ئاستی شەكری خوێن و كێشی لەش زیاد دەكەن. وا باشە كە خۆراكە كاربۆهیدراتییە ئاڵۆزەكان لەگەڵ پرۆتیندا بخورێن بۆ لەسەرخۆ هەڵمژینی شەكر لە كۆ ئەندامی هەرسدا، هەروەها بۆ هەمان مەبەست باشترە كە خۆراكی رووەكی پڕ ریشاڵ Fiber هەڵبژێردرێت. نابێت كە ژەمی خۆراك بەلاوە بنرێت، بەڵكو 6 ژەمی بچووك رۆژانە باشترە لە سێ ژەمی گەورە، ئەمە زۆر یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی ئاستێكی نەگۆڕی شەكری خوێن. ئەگەر سێ ژەمی گەورە بخورێت یان ژەمێكی خۆراك بەلاوە بنرێت و تەنیا دوو ژەمی گەورە بخورێت، ئەوا شەكری خوێن هەڵبەزین و دابەزینێكی زۆر بەخۆوە دەبینێت كە ئەمەش هەرگیز بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی شەكرە پەسەند ناكرێت.
Top