سەرئێشە لەپاش جووتبووندا

سەرئێشە لەپاش جووتبووندا
سەرئێشە لە پاش جووتبوون Coital Cephalgia روودەدات لە چەند ساتێك پێش یان لەپاش یان لەكاتی جووتبووندا. هەندێك جار تەنیا لە پۆزیشنێكی دیاریكراوی جووتبووندا روودەدات، لە پۆزیشنێكی دیكەدا روونادات. ئەم جۆرە سەرئێشەیە زۆر باو نییە، بە گشتی جۆرێكی سادە و سووكە، هەندێك جار ئەم جۆرە سەرئێشەیە نیشانەی نەخۆشییەكە و لەكاتی جووتبووندا سەرهەڵدەدات. بەكارهێنانی ڤیاگرا زۆر جار لە هەندێك كەس ئەم سەرئێشەیە پەیدا دەكات. بەگشتی ئەم سەرئێشەیە بەشێكە لە حاڵەتێكی گەورەتر بەناوی سەرئێشەی پاش چالاكی بەدەنی Exertional Headache، واتە لەكاتی یان لەپاش ئەنجامدانی جوولە یان وەرزش سەرهەڵدەدات. ئەم سەرئێشەیە تووشی پیاو و ئافرەت دەبێت وەكو یەك، بەڵام پیاوان زیاتر تووشی دەبن، لەوانەیە كە هۆكاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پیاو زیاتر لە ئافرەت لایەنی ئاكتیڤە و زیاتر جووڵە ئەنجام دەدات لەكاتی جووتبوون بەتایبەتی لە پۆزیشنی كلاسیكیدا، هەروەها پیاوان زیاتر لە ئافرەتان دەگەن بە ئۆرگازم. ئەو ئافرەتانەی كە دوچاری سەرئێشەی سێكسی دەبنەوە بە زۆری لە پاش تەمەنی 40 ساڵیدان و لەوانەیە بەخۆیان شەقەسەر یان گرژە سەرئێشەیان هەبووبێت. هەروەها راپۆرت لەبەردەستدایە كە رێژەی سەرهەڵدانی سەرئێشەی سێكسی لە پاش منداڵبوون بە شەش هەفتە لە گەلێك ئافرەتدا لە زیادبووندایە بێ ئەوەی كە خودی خۆی هیچ جۆرێكی سەرئێشەی بە شێوەیەكی بەردەوام هەبێت، هەروەها سروشتی ئەم سەرئێشەیە لە ئافرەتێكەوە بۆ ئافرەتێكی دیكە زۆر جیاوازی هەیە. بۆ خۆپاراسستن وەرگرتنی دەنكێكی ناپرۆكسین Naproxen زوو یان یەك تا دوو كاتژمێر بەر لە جووتبوون زۆر سوودبەخشە، یان برۆفین 400 میللیگرام.
Top