زیاد خواردنەوە و دەست لەرزین

زیاد خواردنەوە و دەست لەرزین
زۆر كەس لەكاتی گرتنی كەوچك یان گرتنی پەرداخێكی ئاو دەست و پەنجەكانیان دوچاری لەرزین دەبن. كۆنترۆلی جوولەی دەست و پەنجەكان بە شێوەیەكی سەرەكی لەژێر كاریگەری كۆئەندامی دەمار و مێشكدایە، ئینجا ماسوڵكە و ئێسكەكان. هەر گرفت و نەخۆشییەك لە مێشك و رێڕەوی دەمارەكانەوە تا دەگاتە بچووكترین ماسوڵكەكانی دەست، دەبێتە ئەگەری دەست لەرزین. دەست لەرزین Tremor بەوە پێناسە دەكرێت كە لەكاتی جولاندنەوەی دەست یان جولاندنەوەی پەنجەكان یان لەكاتی گرتنی شتێك بە دەست و پەنجەكان، كۆنترۆلی تەواوی جوولە و گرتن دەشێوێت و دەست یان پەنجەكان بە شێویەكی زەق دەلەرزن. زیادخواردنەوە و راهاتن لەسەر ئەلكهولدا پێوەندی هەیە بە جۆرێك بەدخۆراكی و كەمبوونەوەی ڤیتامینەكان و ماددە خۆراكییە پێویستەكان بەتایبەتی كۆمەڵەی ڤیتامین B، هەروەها زیادبوونی ئەلكهول لە لەشدا بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە ئەگەری هەوكردنی دەمارەكانی دەورووبەر كە دەمارەكانی دەست و پەنجەكانیش دەگرێتەوە، لێرەدا كۆنترۆلی جوولە و گرتن دەشێوێت و بەشێوەی دەست لەرزین خۆی پیشان دەدات. زۆر جاریش راهاتووان لەسەر ئەلكهول كە بە شێوەیەكی كتوپڕ واز لە خواردنەوە دەهێنن، دوچاری چەندین نیشانە دەبن وەكو دەست لەرزین، ناڕحەتی دەروونی، خەوزڕان، هەڵچوون و تووڕەبوون. هۆیەكانی تری دەست لەرزین بریتین لە: پیربوون، نەخۆشی پاركینسۆنیزم Parkinsonism، ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی Thyrotoxicosis، پەستی و تۆقین، ژاراویبوون بە كافائین Caffeinnosis، نەخۆشییەكانی مێشكۆكە.
Top