ترس لـــــە دووگیانی

ترس لـــــە دووگیانی
وەستانی خولی مانگانە Amenorrhea گرنگترین نیشانەی دووگیانیە. نیشانەكانی دیكە كە لەوانەیە لەگەڵ دووگیانیدا دەركەون بریتین لە: هێڵنج، هەستكردن بە ماندووبوون، ناڕحەتی لە مەمكەكاندا یان گەورەبوونیان، سەرئێشە، زوو میزكردن. بە هەرحاڵ لەوانەیە كە بوونی دوو یان پتر لەم نیشانانە لەگەڵ هەندێ حاڵەت و نەخۆشیدا سەرهەڵبدەن وەكو: پێش دەستپێكی خولی مانگانە (گرژی پێش خولی مانگانە)، ئەنفلوەنزا یان هەوكردن. تاكە رێگە بۆ دڵنیابوون لە دووگیانی بریتییە لە پشكنینی تاقیگە كە هەڵە قبووڵ ناكات. گەلێك ئافرەتی دووگیان بەتایبەتی نۆبەرەكان و هەرزەكارە دووگیانەكان جۆرێك ترس و نیگەرانییان لە دووگیانی و روودانی ئاڵۆزییەكانی دووگیانی هەیە، بۆ نموونە كەمخوێنی، بینینی خوێن، لەبارچوون، ژاراوایبوونی دووگیانی، جمك، شەكرەی دووگیانی، هەروەها كێشە دەروونییەكان. پێویست بە نیگەرانی لەراددەبەدەر ناكات، چونكە هەمان ئەو كێشە دەروونییانەی كە دوچاری ئافرەتان بەگشتی دەبنەوە دوچاری دووگیانەكانیش دەبنەوە و تا ڕاددەیەك پێوەندییان بە تەمەن یان مانگەكانی دووگیانییەوە هەیە. بوون بەخاوەن منداڵ كاردانەوەیەكی دەروونی زۆر و بەرچاو بۆ ئافرەت پەیدا دەكات. دووگیانی گۆڕانێكی هەمیشەیی و گەورە و كاردانەوەیەكی دەروونی گەورەیە لە ژیانی ئافرەتدا و خەباتێكی سەختە بۆ هێنانە كایەی ژیانێكی نوێ.
Top