رۆژانە 80 ملگم ڤیتامین C

رۆژانە 80 ملگم ڤیتامین C
ڤیتامین C یان ترشی ئەسكۆربیك Ascorbic Acid لە ئاودا دەتوێتەوە، دژەئۆكسانێكی بەهێزە، لە لەشدا بۆ ماوەیەكی كەم خەزن دەكرێت. ئەم ڤیتامینە زۆر ناسكە بەرانبەر بە گەرمی و هەوا و ئاو. نزیكەی 25%ی ڤیتامین C كە لەناو سەوزەكاندایە بە كوڵاندن تێكدەشكێت. ڤیتامین C ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەكان كەم دەكاتەوە، یارمەتی هەڵمژینی كانزای ئاسن دەدات لە كۆئەندامی هەرسدا، پێست و پوك لە نەخۆشی دەپارێزێت، چاوەكان لە تووشبوون بە ئاوی سپی دەپارێزێت، كۆئەندامی دڵ و سووڕان و جومگەكان لە نەخۆشی دەپارێزێت. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین C بریتین لە: میوە مزرەكان، فەراولە، قەرنابیت، مەعدەنوس، بیبەری شیرین، برۆكۆلی. پێویستی رۆژانەی ڤیتامین C بۆ یەكێكی پێگەیشتوو كە جگەرەكێش نەبێت نزیكەی 100-80میللیگرامە، ئەم بڕە لە هەندێك كەسدا دەگۆڕێت بەپێی تەمەن و حاڵەتی تەندروستی. لە هەندێك حاڵەت و نەخۆشیدا پێویستیمان بە بڕی زیاتر لە ڤیتامین C هەیە وەكو: دواكەوتنی ساڕێژبوون و چاكبوونەوەی برین، جگەرەكێشان، زوو زوو تووشبوون بە هەڵامەت و هەوكردنەكان، ئافرەت لەكاتی شیرداندا، نەخۆشی سییەكان. كەمی ڤیتامین C دەبێتە ئەگەری ئەسكەربووت Scurvy كە نیشانەكانی بریتین لە خوێنبەربوون لە پوك و گۆڕان لە رەنگی پێست لەبەر تەقینی خوێنبەرە وردەكانی پێست، هەروەها دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، جۆرێكی سووكی كەمخوێنی، لاوازبوونی بەرگری لەش بەرانبەر بە ڤایرۆس و میكرۆبەكان بەتایبەتی هەڵامەت، خوێنبەربوون لە پووكدا.
Top