گێزەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش

گێزەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش
هەر خۆراكێك كە وزەی كەمی تێدابێت و ماددەی خۆراكی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆبگرێت دەكەوێتە ناو لیستی ئەو خۆراكانەی كە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش و چارەسەركردنی قەڵەوی تەرخان دەكرێن. گێزەر Carrots یەكێكە لەو خۆراكانە، چونكە رێژەیەكی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرێت، ریشاڵ لەگەڵ ئەوەی كە قەبارەی هەیە، ئاویش هەڵدەمژێت، واتە قەبارەیەكی گەورە لەناو گەدەدا داگیردەكات، بەمەشەوە هەستی تێربوون زووتر پەیدا دەكات. گێزەر جگە لە ریشاڵ، چەندین ماددەی گرنگی تێدایە، بۆ نموونە ئەلفا كارۆتین Alpha-carotene كە ماددەیەكی دژەئۆكسانی سروشتی بەهێزە مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان، رەنگە نارنجییەكەی گێزەریش دەگەڕێتەوە بۆ مادەی بیتا كارۆتین Beta-Carotene كە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A و بۆ تەندروستی چاوەكان یەكجار زەروورە بەتایبەتی بۆ بینین لە رووناكی كەم و بینین لە تاریكیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ماددەیەكی دژەئۆكسانیشە. رۆژانە خواردنی گێزەرێكی بچووك لەگەڵ سەوزە و میوەكانی تردا ئەم ئامانجە دەپێكێت. خواردنی گێزەر رێگەیەكی سروشتییە بۆ پاراستنی جوانی و نەرمیی پێست، هەروەها گێزەر كرداری هاوسەنگكردنی ترشێتی و تفتێتی لە پێستدا رێكدەخات، بەمەشەوە پێست دەپارێزێت لە زیپكە و گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن.
Top