كام شیر بۆ نەخۆشانی شەكرە؟

كام شیر بۆ نەخۆشانی شەكرە؟
شیری فول كرێم (كامل الدسم (Full cream رێژەیەكی بەرزی چەوری لەخۆدەگرێت. چەوری شیر لە جۆری چەورییە تێریەكانە Saturated fats كە لە لەشدا دەبێتە سەرچاوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا. شیر Milk بە گشتی رێژەیەكی بەرزی لە چەورییە تێرەكان تێدایە. پێوەندی نێوان چەورییە تێرەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن و تووشبوون بە نەخۆشی دڵ پێوەندییەكی چەسپاوە، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا بە كرداری ئۆكسان لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا دەنیشێت بەتایبەتی خوێنبەرە قەبارە مام ناوەندییەكان، دەرەنجام خوێنبەرەكان تەسك دەبنەوە و بڕێكی كەمتری خوێن بەناویاندا گوزەر دەكات، بەمەش دەوترێت رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis. رەقبوونی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ دەبنە هۆی كەمبوونەوە لێشاوی خوێن بۆ ماسوڵكەی دڵ، واتە كەمبوونی ئۆكسجین بۆ ماسوڵكە كە دەبێتە هۆی ئازارێكی توند و دژوار لەناوەڕاستی سینگدا كە بە سینگەكوژێ یان سینگەدڕە Angina یان نەخۆشی دڵ ناوزەد دەكرێت. شیر بەم رێژە چەورییەوە هەرگیز گونجاو نییە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێنیان بەرزە یان نەخۆشی شەكرە یان نەخۆشی دڵ یان نەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە. هەتا بۆ منداڵانی ژێر تەمەنی یەك ساڵیش شیری پڕ چەوری یان فول كرێم پەسند ناكرێت. لە كارگەكانی ئەلباندا رێژەی چەوری شیر و پەنیر و ماست كەم و زیاد دەكرێت، بۆ نموونە شیری فول كرێم و كەم چەوری (نیو چەوری) و شیری بێ چەوری سازكراون كە لەگەڵ هەر تەمەنێك و حاڵەت و نەخۆشییەكدا بگونجێت. بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ و بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان تەنیا شیری كەم چەوری یان شیری بێ چەوری Skimmed milk بۆ دابینكردنی پرۆتین و كالسیۆمی گونجاوە و بێ مەترسییە.
Top