ئایدز Aids واتە لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش لەبەر هەوكردن بە ڤایرۆسی HIV دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئایدز بە پشكنینی خوێن ئەنجام دەدرێت كە بە بوونی دژەتەنەكانی دژی ڤایرۆسی ئایدز HIV لە خوێن یان لە شلەكانی لەشدا ئینجا پۆزەتیڤ دەردەكەوێت. لەپاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئایدز بە لەش و دروستكردنی هەوكردن بە 6 هەفتە تا 3 مانگ ئینجا لەش دژەتەنەكان دروست دەكات و پشكنینی خوێن بۆ دەستنیشانكردنی ئایدز پۆزەتیڤ دەبێت، بەم ماوە كاتییەش دەوترێت ماوەی پەنجەرە Window period، هەر لەبەر ئەمەشە كە پشكنینی خوێن راستەوخۆ لەپاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئایدز بە لەش نێگەتیڤ پیشان دەدات كە لەوانەیە پاش 3 مانگ پۆزەتیڤ پیشان بدات. ماوەی پەنجەرە چەندی بڵێی هەستییارە، چونكە لێرەدا تووشبوو ئەگەرچی بە پشكنینی خوێن دەستنیشان نەكراوە، بەڵام ئەگەر ڤایرۆسی ئایدز لە لەشیدا هەبێت، ئەوا بۆ كەسانی تر دەیگوازێتەوە بۆ نموونە بە رێگەی سێكسكردن یان بەخشینی خوێن. زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئایدز بایەخی تەندروستی زۆری هەیە، چونكە چارەسەركردنی زوو ئەگەری ئاڵۆزییەكانی ئایدز كەم دەكاتەوە و مەترسی مردن دوور دەخاتەوە، هەروەها وا لە كەسی تووشبوو دەكات كە بە شێوەیەكی تر رەفتار بكات بە مەبەستی بڵاونەكردنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بۆ كەسانی تر. بۆ دەستنیشانكردنی ئایدز دوو پشكنینی خوێن ئەنجام دەدرێن، یەكەمیان پشكنینی ئەنزیمی EIA یان پشكنینی ئێلیسا ELISA كە ئەگەر پۆزەتیڤ بوو، ئەوا پێویست بە پشكنینی دووم دەكات كە زۆر تایبەتمەندە بەناوی پشكنینی وێسترن بلۆت Western Blot بۆ چەسپاندنی دەستنیشانكردن.