تاوێك بیر لە بۆن و پێرفیوم مەكەرەوە، لەوانەیە كە كلیل بۆ تاودانی ژیانی سێكسیت لە چێشتخانەكەتدا بێت! لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە دەشێ بۆن، چێژ، هەتا دیكۆری هەندێك جۆری خواردن لە گەلێك لایەنەوە وەكو بەهێزكارێكی سێكسی كاربكەن. خۆراكی جیاواز پێكهاتووی گرنگی خۆراكی جیاوازیان تێدایە كە كاریگەری فسیۆلۆژی بە رێگەی جۆراوجۆر دەكەنە سەر لەش، هەر بۆیەشە كە هەر جۆرە خۆراكێك كاریگەری لەسەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی كاردانەوەی سێكسیدا هەیە، بۆ نموونە: هەندێك خۆراك دامركانی سێكسی دوادەخەن، هەندێكی تر لێشاوی خوێن بۆ ئەندامە سێكسییەكان پتر دەكەن، هەندێكی دیكە دەردانی هۆرمۆنەكانی هەستكردن بە شادی Happy hormones لە لەشدا زیاد دەكەن. وا دیارە كە نزیكەی هەموو خۆراكەكان لە سێوەوە بگرە تا دەگاتە توور لە ساتێكدا و لە كەلتووری جیا جیادا بە بەهێزكاری سێكسی لە قەڵەم دراون. خۆراك و سێكس لەمێژە تێكئاڵاون، هەردووكیان زەروورن بۆ ژیان و هێشتنەوەی نەژادی مرۆڤ. خۆراكە بەهێزكارە سێكسییەكان Aphrodisiac Foods واتە هەر خۆراكێك یان هەر دەرمانێك كە ئارەزووی سێكسی یان توانای سێكس زیاد دەكەن، بۆ نموونە ئەناناس Pineapple، مۆز Bananas، گێزەر Carrots، مەحار Oysters، خەردەل Mustard، سیر Garlic، هەنجیر Figs، هەنگوین Honey، قاوە Coffee، شوكولاتە Chocolate، ڤانیللا Vanilla.