خۆراك بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش

خۆراك بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش
فرمانی سیستمی بەرگری لەش Immune system بریتییە لە پاراستنی لەش بەرانبەر بە ڤایرۆس و بەكتریا و مشەخۆرەكان، هەر لە هەڵامەتەوە بگرە تا دەگاتە نەخۆشییەكانی دڵ و نەخۆشی ئەلزهایمەر Alzheimer’s disease. بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش یەكێكە لە رێگەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان. لە لێكۆڵینەوە پزیشكییەكاندا هاتووە كە خۆراكی تەندروستییانە رۆڵی گرنگی هەیە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش و بەرەنگاربوونەوەی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان Free radicals كە نەخۆشی پەیدا دەكەن. ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرن یارمەتیدەرن بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش دژی بەكتریا و ڤایرۆسەكان. بۆ ئەم مەبەستە دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوە جۆراوجۆرەكان گرنگی زۆریان هەیە. سوپی سەوزەی جۆراوجۆری كەمخوێ، چای سەوز، میوە و شیرەی میوەی سروشتی، برۆكۆلی، تەماتە، مەحار Oyster، كوارگ، پیاز، سیر، دەنكی كەتان Flax seeds، پەتاتەی شیرین، هەروەها بیبەرە جۆراوجۆرەكان خۆراكی ترن كە رۆڵی بەرجەستەیان هەیە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش.
Top