گرفتە دەروونییەكانی دووگیانی

گرفتە دەروونییەكانی دووگیانی
باری دەروونی هەر ئافرەتێك لەكاتی دووگیانیدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، بگرە لە یەك ئافرەتیشدا لە دووگیانیبوونێكەوە بۆ دووگیانیبوونێكی دیكە. هەر ئافرەتێك لەهەر دووگیانییەكدا بە بارێكی دەروونی تایبەتدا دەڕوات، هەمان ئەو كێشە دەروونییانەی كە دوچاری ئافرەتان بەگشتی دەبنەوە دوچاری دووگیانەكانیش دەبنەوە و تا ڕاددەیەك پێوەندییان بە تەمەن یان مانگەكانی دووگیانییەوە هەیە، بە مانایەكی تر هەر مانگێك تایبەتمەندی خۆی بە كێشەیەكی دەروونییەوە هەیە. بوون بەخاوەن منداڵ كاردانەوەیەكی دەروونی زۆر و بەرچاو بۆ ئافرەت پەیدا دەكات. دووگیانی گۆڕانێكی یەكجارەكی و گەورە و كاردانەوەیەكی دەروونی گەورەیە لە ژیانی ئافرەتدا، دووگیانی تاقیكردنەوەیەكی كورت و نەزۆك نییە، بەڵكو پڕە لە مانا و واتا، خەباتێكی سەختە بۆ پەیداكردنی ژیانێكی نوێ (منداڵ) كە دایك و باوك پێیەوە شاد دەبن. ئافرەت لەكاتی دووگیانیدا رووبەڕووی حاڵەتێك دەبێتەوە كە ژیان هەتا هەتایە دەگۆڕێت، ژیانی خێزانی دەگۆڕێ و مەسەلەی دایكایەتی دێتە پێشەوە. ئەوانە هەموویان كاریگەرن لەسەر باری دەروونی ئافرەت، هەندێكیان ئارامتر دەبنەوە كەچی هەندێكی تریان گرژ و نیگەران دەبن. پێشان وا باو بوو كە ئافرەتی دووگیان تەنیا تووشی چەند حاڵەتێكی دەروونی دیاریكراو دەبێتەوە، بەڵام زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە لەوانەیە ئافرەتی دووگیان دوچاری هەر كێشە و قەیرانێكی دەروونی بێتەوە. دووگیانی خۆی لە خۆیدا لەوانەیە كێشەیەك یان نەخۆشییەكی دەروونی كە ئافرەتێك بەر لە دووگیانی هەیبووبێ تووندتر یان دژوارتر بكات.
Top