هــیلاكی گەرمـــا

هــیلاكی گەرمـــا
هیلاكی گەرما لەو كاتە دوچاری مرۆڤ دەبێت كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەر هەتاو كاربكات یان بمێنێتەوە لە وەرزی هاویندا بەتایبەتی ئەگەر بڕێكی باشی لە خوێ و شلە نەخواردبێتەوە كە لەگەڵ ئارەقەكردندا ونی دەكات. ئەگەر یەكێك لە كەشی گەرمدا زیاد كاربكات و ماندوو بێ، ئەوا لەوانەیە كە بڕی 8-6 لیتر شلە لە ڕێگەی ئارەقەكردنەوە ون بكات، ئەمە سەرەڕای ونكردنی نزیكەی 2 گرام خوێ )سۆدیۆم كلۆراید( بۆ هەر لیترێكی ئارەقە. ئەوانەی كە نەخۆشییان هەیە لە كۆئەندامی هەرسدا بۆ نموونە ڕشانەوە و سكچوون، ئەوا زیاتر دوچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە كە نیشانەكانی بریتین لە: سەرئێشە، سەرسووڕان و لەخۆچوون Fainting، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج، ئازار یان بروسككردن Cramps لە زۆربەی بەشەكانی لەشدا، ناڕحەتی و شەكەتی دەروونی Stress، دابەزینی پەستانی خوێن. ئەم حاڵەتە چارەسەر دەكرێت بە گواستنەوەی تووشبوو بۆ شوێنێكی فێنك و پێدانی شلەی سارد و خوێ، زۆر جاریش نەخۆش شلەی لە ڕێگەی خوێنهێنەرەوە پێدەدرێت، پاشان دەرمانی دژی تا و ئازار.
Top