ئەڤۆكادۆ

ئەڤۆكادۆ
ئەڤۆكادۆ Avocado بە پێكهاتەكانییەوە لە چەوری رووەكی و مادە كیمیاییە رووەكییە گرنگەكان، بە خواردن یان بە بەكارهێنانی راستەوخۆ لەسەر پێستدا، شیداركەرەوەیەكی بەهێز و سروشتییە بۆ پێست، پێستیش بە سروشتی خۆی زۆر حەزی لە دەوروبەرێكی تەڕە. ئەڤۆكادۆ سەرەڕای ئەوەی كە وزەیەكی زۆر(كالۆری) لەخۆدەگرێت، بەڵام سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ پۆتاسیۆم و ڤیتامین E و ڤیتامین D و ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta carotene كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، ناوكەكەشی لەوانەیە كە چالاكی هەبێت دژی ڤایرۆس و بەكتریا. خواردنی ئەڤۆكادۆ سوودی هەیە بۆ پاراستنی كۆئەندامی هەرس و كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها بۆ سافكردنەوەی پێست و زوو چاكبوونەوەی گەلێك لە نەخۆشییەكانی پێست وەكو خۆربردن Sunburn، وشكبوونی پێست، نەخۆشی سەدەف Psoriasis، ئەكزیما. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی نیو ئەڤۆكادۆ هەر دوو رۆژ جارێك، یارمەتی دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل دەدات بە رێژەی 8.2%. زەیتی ئەڤۆكادۆ دروستی ماسوڵكەكان دەپارێزێت، هەروەها نیشانەكانی هەوكردنی پێست و جومگەكان كەم دەكاتەوە.
Top