لوكیمیا

لوكیمیا
لوكیمیا Leukemia واتە زیاد دروستبوونی خڕۆكە سپییەكانی خوێن و دروستبوونی خڕۆكەی سپی خوێنی پێنگەیشتوو Immature. لوكیمیبا نەخۆشییەكە بەرە بەرە پەرەدەسێنێ و لەماوەی چەند هەفتەیەك تا چەند ساڵێك تووشبوو لەناودەبات لەبەر كەمخوێنی و خوێنبەربوون و هەوكردن. هۆی تووشبوون بە لوكیمیا نەزانراوە، زیادبوونی ژمارەی خڕۆكە سپییەكانی خوێن و گرێی ووردی خڕۆكە سپییەكان لە ئەندامەكان جگە لە مۆخی ئێسك و سپڵ و لیمفە گرێیەكان بە كردارێكی شێرپەنجەیی دادەنرێ. كەوتنە بە ئایۆنە تیشك یان تیشكی ناوكی ناڕێكی لە كڕۆمۆسۆمەكان پەیدا دەكات، لەوانەیە هۆكارێكی بەهێز بێت بۆ پەیدابوونی لوكیمیا. لە هەندێك ئاژەڵ و باڵندەدا ڤایرۆس لوكیمیا پەیدا دەكات، بەڵام تا ئێستا لە مرۆڤدا نەسەلمێنراوە كە ڤایرۆس ببێتە ئەگەری تووشبوون بە لوكیمیا. گرننگترین نیشانەكانی لوكیمیا بریتین لە: بێهێزی گشتی، كەم خوێنی، دەردانی هیمۆگڵۆبین لە میزدا، خوێنبەربوون، تا، ئاوسانی پووك و خوێنبەربوون لە لیمفە گرێیەكان، لووتپرژان، سك ئێشە، ئارەقەكردن، ونكردنی كێشی لەش، لاوازی لەش بەگشتی لەگەڵ نیشانەكانی هەوكردنی جیا جیا لە لەشدا لەبەر لاوازبوونی سستمی بەرگری لەش. گرنگترین هەنگاوەكانی چارەسەركردنی لوكیمیا بریتین لە دەرمانی تایبەت كە زیانی لابەلای زۆریان هەیە، هەروەها چارەسەركردن بە تیشك، زۆر جاریش سپل بە نەشتەرگەری لادەبرێت. ئەمە سەرەڕای دەرمانی دژە میكڕۆب بۆ چارەسەركردنی هەوكردنەكان و خوێن گواستنەوەی یەك لەدوای یەك. بەڵام بەگشتی ئەوانەی دوچاری لوكیمیا دبنەوە زوو پێیەوە گیان لەدەست دەدەن.
Top