راستی خواردنەوە وزەبەخشەكان

راستی خواردنەوە وزەبەخشەكان
خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy Drinks بە مەبەستی زیادكردنی چالاكی دەروونی و بەدەنی بەكاردەهێنرێن، بۆیە ناوی زۆربەی خواردنەوە وزەبەخشەكان مانای هێز و توانا و خێرایی و كارامەیی لەخۆ دەگرن وەكو: پاوەر پڵەس، میگابایت، رێدبوڵ، پڵینگ، پیاوی زۆڵ ...تاد. خواردنەوە وزەبەخشەكان، خواردنەوەی كاربۆنكراون كە بڕێكی زۆریان لە شەكر و كافائین تێدایە لەگەڵ چەندین پێكهاتووی تری وەكو ڤیتامینەكانی B، ترشە ئەمینیەكان بۆ نموونە تاورین Taurine، گیایە وزەبەخشەكان وەكو گوارانا Guarana. خواردنەوە وزەبەخشەكان جگە لە شەكر، مادەی كافائین لەخۆدەگرن، یەك قوتوو بەقەد كوپێك قاوەی چڕ كافائینی تێدایە، بۆ نموونە یەك قوتوو رێدبوڵ 80 ملگم كافائینی تێدایە، بڕی زیادی كافائینیش بۆ تەندروستی باش نییە. هەروەها خواردنەوە وزەبەخشەكان گەلێك مادەی تر لەخۆدەگرن كە تا ئێستا توێژینەوەی زانستییان بە تەواوی بۆ نەكراوە لە رووی سوود و زیانیان بۆ تەندروستی، لەم ماددانە: تۆرین، گوارانا، گلوكورۆنۆلاكتۆن Glucuronolactone كە لەگەڵ بڕێكی كەم لە كۆمەڵەی ڤیتامین B. ئەگەرچی كاریگەری پێكهاتەكانی خواردنەوەی وزەبەخشەكان لەسەر تەندروستی مرۆڤدا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام بەگشتی خواردنەوە وزەبەخشەكان لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت بەتایبەتی بۆ منداڵ و وەرزشوان و ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی شیردەر. تێكەڵكردنی خواردنەوە وزەبەخشەكان لەگەڵ ئەلكهولدا لە كاریگەرییە خراپەكانی زیاد دەكات.
Top