كانزای ئاسن لەخۆراكدا

كانزای ئاسن لەخۆراكدا
كانزای ئاسن Iron زۆر گرنگە بۆ لەش، لە هەموو خانەكاندا هەیە، لەگەڵ پرۆتینێكدا بە ناوی هیم یەكدەگرێت بۆ پێكهێنانی هیمۆگلۆبین كە زەروورە بۆ گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ هەموو خانەكانی لەش و گەڕاندنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە خانەكانەوە بۆ سییەكان. لەشی مرۆڤێكی ئاسایی بە تێكڕایی نزیكەی 4 گرام ئاسن لەخۆدەگرێت. سەرچاوە خۆراكییەكانی ئاسن دوو جۆرن: ئاسن لەگەڵ پرۆتینی هیم كە لە گۆشت و ئەندامەكانی ئاژەڵدا هەیە، ئاسن بە بێ پرۆتینی هیم كە لە بەرووبوومە رووەكییەكاندا هەیە وەكو نیسك، سپێناغ، گەڵا سەوزەكان، پاقلەمەنییەكان، هەندێك میوە. یەك كوپ نیسك نزیكەی 7 ملگم ئاسن لەخۆدەگرێت، یەك كوپ پاقلەی سۆیا نزیكەی 9 ملگم ئاسنی تێدایە. مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی بە 15 ملگم ئاسن هەیە، كەمبوونی كانزای ئاسن لە لەشدا باوترین كێشەی خۆراكییە كە دەبێتە ئەگەری كەمخوێنی. كەمی ئاسنی خەزنكراو لە لەشدا لەبەر كەمی ئاسن لە خۆراكی رۆژانەدا كاریگەرییەكی نێگەتیڤانە دەكاتە سەر بڕی ئۆكسجین كە بە هۆی هیمۆگڵۆبینەوە بۆ هەموو خانە و شانە و ئەندامەكانی لەش دەگوازرێتەوە. كەمی گازی ئۆكسجین كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر فرمانی ئەندامەكان. كەم خوێنی لەبەر كەمی ئاسن لە منداڵاندا دەبێتە ئەگەری دواخستنی فرمانی جوولەی ئاسایی و دواخستنی فرمان و چالاكییەكانی مێشك. لەكاتی دووگیاندا، ئەم كەمخوێنییە ئەگەری منداڵبوونی پێشوەخت یان ناكام زیاد دەكات. لە پێگەیشتووەكانیشدا، سەرەڕای نیشانە گشتییەكانی كەم خوێنی وەكو رەنگ زەردی، كەمی ئارەزووی خواردن و قژهەڵوەرین، دەبێتە هۆی زوو لەبیرچوونەوە و زووماندووبوون.
Top