بە شێوەیەكی ئاسایی نزیكەی 10%ی تاڵەمووەكانی سەر لە قۆناغی حەوانەوەدان phase Telogen، ئەم تاڵەمووانە چیتر گەشە ناكەن بۆیە هەڵدەوەرێن، بۆ نموونە لە گەنجەكاندا هەڵوەرینی 100 تاڵەموو لە رۆژێكدا بە ئاسایی لەقەڵەم دەدرێت، پتر لەم ژمارەیە كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەك بەردەوام بێت ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات. بە شێوەیەكی گشتی، نەخۆشییەكانی هەناو یان خۆراكی ناهاوسەنگ تا رادەیەكی كەم دەبنە ئەگەری قژهەڵوەرین. هۆكارە جینییەكان یان هۆكارە زگماكییەكان، مێژوو یان مەیلی خێزانی Family history، بەساڵاچوون و پیربوون هۆكارە زەقەكانی قژهەڵوەرین پێكدێنن. پیاو و ئافرەت لەوانەیە كە لەپاش تەمەنی سییەكان و چلەكاندا تووشی تەنكبوونێكی فسیۆلۆژی قژ ببن. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری ونكردنی قژ بە شێوەیەكی كاتی، واتە ئەگەری دووبارە هاتنەوەی قژ لە ئارادایە بریتین لە: شەكەتی دەروونی Stress، گۆڕانێكی نێگەتیڤی بەرچاو لە خۆراكدا، گۆڕان لە هۆرمۆنەكاندا لەكاتی باڵغبوون و دووگیانی و وەستانی سووڕی مانگانەی ئافرەت. نەخۆشی سەخت، نەخۆشییەكانی گلاندی دەرەقی، كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن هۆكاری ترن، كە قژهەڵوەرین پەیدا دەكەن، هەروەها چارەسەری كیمیایی Chemotherapy كە بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە بەكاردێت لەگەڵ ئەو دەرمانانەی كە بەرگری لەش دادەبەزێنن وەكو زیانی لابەلا دەبنە ئەگەری قژهەڵوەرین، بەڵام خۆشبەختانە لەپاش 12-6 مانگدا قژ لە شوێنی هەڵوەریندا لەخۆیەوە دووبارە گەشە دەكاتەوە بەبێ بەكارهێنانی هیچ دەرمانێك.