نووستن Sleep وەكو خۆراك و وەرزش بۆ تەندروستی گرنگە، بەبێ نووستن ناتوانین كە ئەركەكانی ژیانی رۆژانەمان بە باشی بەسەر بەرین، هەتا لەوانەشە كە دوچاری نەخۆشی بین. شێوە و ماوەی نووستن بە درێژایی ژیانمان گۆڕانكاری بەسەردادێت. ئایا دەزانی كە بە نووستن لەشمان دەحەسێتەوە و وزە دەپارێزێت، هەورەها پەستانی خوێن دادەبەزێت، لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، خێرایی هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە كەم دەبێتەوە، پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت، بەڵام مێشكمان هەر چالاك دەمێنێتەوە و یادەكان جێگیر دەكات و خۆی بۆ چالاكی رۆژێكی نوێ ئامادە دەكات. هەروەها نووستن سوودی تریشی هەیە، بۆ نموونە یارمەتی سستمی بەرگری لەش دەدات، هاریكاری چاكبوونەوەی شانەكان و گەشەی منداڵان دەدات بەهۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی گەشە لەكاتی نووستندا، دڵ و بۆڕییەكانی خوێن دەپارێزێت، ئارەزووی خواردن رێكدەخات و ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەكات. كەم نووستن دەبێتە هۆی بۆرژان و خەوهاتن لە كاتی رۆژدا لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون و لەش داهزران Lethargy، سەرئێشە لەكاتی بەیانیان، لەبیرچوونەوە، دڵتوندی و پەستی، هەروەها ئەگەری روودانی كارەساتەكات و بەكارهێنانی دەرمان و ئەلكهول زیاتر دەبێت.