توورRadish بەشێكی گرنگی سەڵاتەیە، بە رەنگە جیاوازییەكان و گەڵا سەوزەكان و لاسكەكانی شیاون بۆ خواردن و بایەخی تەندروستیان هەیە. توور سوودی زۆری هەیە بۆ جگەر و گەدە، پاككردنەوەی خوێن لە ماددە زیانبەخشەكان، هەروەها لەكاتی چارەسەركردنی تووشبووان بە زەردوویی توور سوودی زۆری هەیە بەتایبەتی تووری رەش و گەڵاكانی توور، ئەمە جگە لەوەی كە دروستبوونی زەرداو و ئەنزیمەكان رێكدەخات و كیسی زراو و جگەر لە هەوكردن دەپارێزێت. توور رێژەیەكی باشی ریشاڵ لەخۆدەگرێت كە یارمەتی هەرسكردنی خۆراك دەدات و رێگە لە تووشبوون بە قەبزی دەگرێت كە هۆكاری سەرەكییە بۆ تووشبوون بە مایەسیری. توور یارمەتی گورچیلەكان دەدات لە زیاد فلتەركردنی خوێن، واتە زیادبوونی میز و پاككردنەوەی رێڕەوەكانی میزەڕۆ لە بەكتریا، بەمەشەوە نیشانەكانی هەوكردنی رێڕەوەكانی میزەڕۆ لە سووتانەوە و ناڕحەتی سووك دەدات. توور یەكێكە لەو خۆراكانەی كە وزەی كەمی تێدایە و پاش خواردنی بە ماوەیەكی كەم گەدە پڕدەكات و هەستی تێربوون دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی كە توور رێژەیەكی باشی لە ڤیتامین C، فۆلیك ئەسید، كانزای زینك(تۆتیا)،فۆسفۆر، چەند جۆرێكی ڤیتامین B، ماددە دژەئۆكسانەكانیان تێدایە، خواردنی توور رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە گەلێك جۆری شێرپەنجە. توور لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش(تا) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی لەش و كەمكردنەوەی هەوكردن بەتایبەتی هەوكرنەكانی كۆئەندامی هەناسە.