خۆراك بۆ زیادكردنی كێش

خۆراك بۆ زیادكردنی كێش
گەلێك هۆكار دەبنە ئەگەری كەمی كێشی لەش بۆ نموونە: گرفتەكانی پەیوەست بە ئارەزووی خواردن و جۆری خواردن، كێشە دەروونییەكان، نەخۆشییە درێژخایەنەكان، وەرزشكردن، بەساڵاچوون لەبەر كەمبوونەوەی بەرە بەرە لە هەستەكانی چێژكردن و بۆنكردندا لەگەڵ نەبوونی خزمەتی پەیوەست بە كڕین و ئامادەكردنی خۆراك. وەكو چۆن كێشی زیاد و قەڵەوی دەبێتە هۆی نەخۆشی، كەمی كێشی لەش بە سەختی دەبێتە ئەگەری نەخۆشی وەكو پەككەوتنی دڵ Heart failure و هەندێك جۆری شێرپەنجە، لە ئافرەتە پیرەكانیشدا لەوانەیە كە ئێسكەكانیان تووشی پووكانەوە بن Osteoporosisكە بە هێزێكی دەرەكی كەم دوچاری شكان ببنەوە بەتایبەتی لە جومگەی نێكدا. ئەگەرچی بۆ زیادكردنی كێشی لەش پێویستە كە بڕی وزەی رۆژانە بە كالۆری لە خۆراكەوە زیاد بكرێت، بەڵام بەگشتی بۆ زیادكردنی كێشی لەش هەرگیز ئامۆژگاری زیاد خواردنی خۆراكی خێرا و خواردنەوە گازدارەكان و چەورییە خراپەكانی وەكو چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندییەكان ناكرێت، بەڵكو وا باشترە كە وزەی زیاتر لەو خۆراكانە وەربگیرێت كە سەرەڕای وزەی بەرز ماددەی خۆراكی سوودبەخش و تەندروستییانە لەخۆدەگرن بە بێ هیچ ماددەیەكی خۆراكی خراپ، بۆ نموونە چەوری لە جۆری ئۆمێگا 3 كە لە گوێز و ماسی تونا و ماسی سالمۆندا هەیە، هەروەها سەرچاوە باشەكانی پرۆتین وەكو گۆشتی كەم چەوری، شیر، ماسی، گۆشتی پەڵەوڕ، پاقلەمەنییەكان، تۆوە رووەكییەكان Seeds، پاشان كاربۆهیدراتە باشەكان وەكو سەوزە و میوەكان و پەتاتە و دانەوێڵەی تەواو Whole grains. بۆ زیادكردنی كێشی لەش، باشترە كە رۆژانە6-5 ژەمی هاوسەنگی خۆراك لە جیاتی سێ ژەمی گەورە و سەرەكی خۆراك بخورێت بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە ناتوانن بڕێكی باشی خۆراك لە ژەمێكدا بخۆن.
Top