ڕشانەوە لەكاتی دووگیانیدا

ڕشانەوە لەكاتی دووگیانیدا
لەوانەیە هێڵنج یان ڕشانەوە لە 12-6 هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا بە شێویەكی ئاسایی سەرهەڵبدات كە پێی دەووترێ دەردی بەیانیان Morning Sickness. سیفاتەكانی دەردی بەیانیان بریتین لە: بەیانیان ڕاستەوخۆ پاش لەخەوهەڵسان دەستپێدەكات، هەندێك جار تەنیا هێڵنجە نەك ڕشانەوە، ڕەنگە ڕشانەوەش ڕووبدات، پاش 14 هەفتەی دووگیانی لەخۆیەوە بەبێ وەرگرتنی دەرمان نامێنێ، كاریگەری خراپ ناكاتە سەر تەندروستی ئافرەت و كۆرپەكەی. هۆكاری دەردی بەیانیان دەگەڕێتەوە بۆ كاردانەوەی دەروونی ئافرەت بەرانبەر بە دووگیانی لەگەڵ بوونی هەستەوەری بەرانبەر بە هۆرمۆنی HCG كە لە وێڵاشەوە Placenta دەردەدرێت. چارەسەركردن دەستپێدەكات بە دڵدانەوەی ئافرەت هەر لە سەرەتای دووگیانییەوە، هەندێك جاریش بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی دژی هێڵنج و رشانەوەی لەژێر رێنمایی دكتۆری ئافرەتان. هەندێك جار ئەم ڕشانەوەیە لەپاش هەفتەی 14ی دووگیاندا لەخۆیەوە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، هەروەها و كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی ئافرەتی دووگیان و دەبێتە هۆی ونكردنی بڕێكی زۆری شلەی لەش و تێكچوونی هاوسەنگی خوێ و ئاوی لەگەڵ تووشبوون بە كەمی ڤیتامین، هەندێك جاریش حاڵەتەكە سەختتر دەبێت و دەبێتە ئەگەری: ونكردنی كێشێكی زۆری لەش، دڵەكوتێ، كەم میزكردن، لەوانەشە كە نەخۆش تووشی پەستی و ترس بێت.
Top