ساوار بە گـەنمی تەواو

ساوار بە گـەنمی تەواو
ساوار Bulgur دانەوێڵەی تەواوە Whole Cereal، هیچ ماددەیەكی كیمیایی و زیادی تێناكرێت. لەبەر ئەمەیە كە پێكهاتووە گرنگە خۆراكییەكانی پارێزراون. ساوار بە ریشاڵەی زۆر و كاربۆهیدراتی زۆر و چەوری یەكجار كەمەوە دەبێتە خۆراكێكی سروشتی گونجاو و سەرچاوەیەكی باشی وزە. هەروەها ساوار بڕێكی باش لە كۆمەڵەی ڤیتامینB و كانزای ئاسن و فۆسفۆر و مەنگەنیز لەخۆدەگرێت. پڵاوساوار، شلە ساوار، كە لەگەڵ گۆشتی سوور یان لەگەڵ گۆشتی مریشك لێدەندرێ بڕێكی زیاتری وزە لەخۆ دەگرێت، چونكە چەورییەكەی گۆشتی سوور یان مریشك وزەیەكی زیاتر بە خودی ساوارەكە دەبەخشێت هەر لەبەر ئەمەشە كە خواردنی ساوار بە گۆشت قورسە لەسەر كۆئەندامی هەرسدا، گەدە بەخۆراكێكی چەور و قورسەوە توانای هەرسكردن و بەتاڵبوونەوەی دوادەكەوێت. بڕوش و پیرخەنی لە ڕووی بەهای خۆراكییەوە وەكو ساوار وان. زۆر جار گوێمان لێدەبێت كە خواردنی ساوار باشترە لە خواردنی برنج بۆ تووشبووان بە شەكرە، لە راستیدا هەردووكییان كاربۆهیدراتیان بە شێوەی نیشاستە تێدایە، بەڵام برنج كە بە تەواوی سپیكراوە، رێژەی ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكانی لەدەستداوە و لە لەشدا زووتر دەگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمە بۆ نەخۆشانی شەكرە باش نییە، كەچی ساوار بڕێكی باشتری لە ریشاڵ تێدایە، ئەمەش وادەكات كە بەرە بەرە نیشاستەكەی لە لەشدا بگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز كە ئەمەش باشە بۆ نەخۆشانی شەكرە، بەڵام هێشتا هەر نابێ بە زۆری بخورێت بەتایبەتی لەگەڵ گۆشتی سوور و چەوردا.
Top