دووگیانی و قەڵەوی

دووگیانی و قەڵەوی
گەلێك ئافرەتی دووگیان هەیە كە بە وردی ئاگاداری تەندروستی خۆی دەبێت بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی. ئەگەر هەر روونكردنەوە و زانیارییەكی پێویست بوو سەبارەت بە خۆراك، بەكارهێنانی دەرمان و تۆنیك، چالاكی وەرزشی، لایەنی سێكسی، ئەوا پێوەندی بە پزیشكەكەی دەكات. لەكاتی دووگیانیدا، پێویستە كە خۆراكی ئافرەت بە بڕ تەواو و پڕبێت لە ماددەی خۆراكی پێویست. پێویستە كە هەموو ئافرەتە دووگیانەكان رۆژانە 250 كالۆری لە خۆراكیاندا زیاد بكەن بۆ گەشەی كۆرپەكانیان. دەبێ خۆراكەكە بە تەواوی هاوسەنگ بێت لەگەڵ میوەی نوێ، دانەوێڵە، سەوزە، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خۆراكی پڕخوێ. هەرگیز نابێت ریجیمی خۆراك لەكاتی دووگیانیدا پەیڕەوبكرێت بە مەبەستی دابەزاندنی كێشی لەش لە ئافرەتە دووگیانە قەڵەوەكاندا، چونكە زیادبوونی كێش لەكاتی دووگیانیدا زۆر پێویستە بۆ گەشەی كۆرپە، ریجیم دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ماددە گرنگە خۆراكییەكان بۆ كۆرپە. بە تێكڕایی لەكاتی دووگیانیدا كێشی لەش 30-25 پاوەند (13.5-11.25كیلۆگرام) زیاد دەكات، بە زیادبوونی كێش پتر لە 35-30 پاوەند(15.75-13.5كیلۆگرام) چەوری زێتر لە لەشی ئافرەت و كۆرپەدا خەزن دەبێت. لەبەر ئەوەی كە كۆنترۆلكردنی كێشی لەش لە دوا مانگەكانی دووگیانیدا سەختە، بۆیە واباشترە كە لە مانگەكانی سەرەتای دووگیانیدا هەوڵی رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لە رادەبەردەر بدرێت.
Top