هاوێنەی لكاو Contact lenses بە مەبەستی راستكردنەوەی كورتبینی Myopia و دووربینی Hyperopia یان ئەستیگماتیزم Astigmatism لەجیاتی چاویلكە و بە مەبەستی جوانیش بەكاردێت. ئێستا هاوێنەی لكاو پێشڤەچوونێكی زۆری بەخۆوە بینیوە، بۆ نموونە جۆری رەق Hard، جۆری نەرم Soft، جۆری تایبەت Specialized لەبەردەستدان كە هەر یەكەی چەند تایبەتمەندییەكی هەیە و بۆ كەسێك زیاتر لە كەسێكی تر گونجاوە. هەڵبژاردنی رەنگ و جۆری هاوێنەی لكاو بە هەماهەنگی لەگەڵ دكتۆری چاودا بەپێی چەند پێوەرێكی تایبەت ئەنجام دەدرێت. بەكارهێنانی هەر جۆرێكی هاوێنەی لكاو ئەگەری هەوكردنی چینی كۆڕنیای چاو زیاد دەكات، گەلێك جاریش هەستكردن بە ئازار و سووتانەوە و ناڕحەتی لە چاوەكان لەگەڵ ناڕوونی لە بینیندا روودەدەن لەپاش بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو. بۆ خۆپاراستن لەم ئەگەرانە، پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە بۆ نموونە: دەستەكانت بە جوانی بشۆ و وشكیان كەرەوە بەر لە دانانی هاوێنە، پێش مەلەكردن و گەرماو هاوێنە لە چاوت كەرەوە، هەروەها پێش نووستنیش، هاوێنەكان بە گیراوەی تایبەت بە جۆری هاوێنەكەت پاككەرەوە پاشان گیراوەكە فڕێ بدە، هەر 6-3 مانگ جارێك هاوێنەكەت بە رێنمایی دكتۆری چاو بگۆڕە و بە وردی پەیڕەوی رێنماییەكانی بكە.